بزوتنەوەی گۆڕان یادی کارەسات و راپەڕینی ٢٤ی٤ی قەڵادزێ بەرز رادەگرێت

KNN : Kurdish News Network
09:00 - 24/04/2020
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بۆ ساڵیادی بۆردومان و ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ بڵاوکردوە و ڕایگەیاند، خەڵکی دەڤەری پشدەر شایستەی خزمەتی زیاترن و پێویستە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش بە هەماهەنگی نێوانیان قەرەبوی خەڵک و خزمەتی زیاتری ئەو ناوچانە بکەن کە پرشکی زیاتری قوربانیدانیان بەرکەتوە. 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:

 

یادی کارەسات و راپەڕینی ٢٤ی٤ی قەڵادزێ بەرز رادەگرین

هاوڵاتیانی خۆڕاگری پشدەر..

 

خەڵکی بە ئەمەکی هەرێمی کوردستان..

 

 

ئەمڕۆ یادی بۆردومانی قەڵادزێ لە ٢٤ی٤ی١٩٧٤ و راپەڕینی ١٩٨٢ی دانیشتوانی خۆڕاگری ئەم ناوچەیە.

 

لەیەککاتدا ساڵڕۆژی کارەسات و راپەڕین و هەستانەوەی خەڵکە بەرامبەر جەور و ستەمی رژێمی بەعسی لەناوچو.


لەم بۆنەیەدا، یادەوەری شەهید و بریندار و قوربانیانی زانکۆی سلێمانی و هاوڵاتیان لەساڵی ١٩٧٤ بەرز و پیرۆز رادەگرین، بەتایبەتیش سیمبول و شەهیدانی راپەڕینی ٢٤ی٤ی ١٩٨٢ دایکە ئامینە و خوشکە سنەوبەر.


ئەگەرچی ساڵانە، خەڵکی کوردستان وەک رێزگرتن لە قوربانیدان و زیندوهێشتنەوەی ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام دراون، یادی بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان بەرز راگرتوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەندبون بە رێنماییە تەندروستیەکان مەراسیم و یادەکان راگیراون، لەم سۆنگەیەوە ئەگەرچی یادی کارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ ناکرێتەوە، بەڵام ئەم یادە لە دڵی خەڵک و ئێمەش بە زیندویی ماوەتەوە و، بە تێپەڕبونی کات و زەمەن زام و سوێ قوربانیەکان سارێژ نابێت و بیرناچێتەوە.

ئەوەی گرنگە لەم یادەدا بوترێ، خەڵکی کوردستان رابردویەکی تاڵیان چێشتوە، بە ھۆی بۆردومان و راگواستن، و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبونەوەی و ھەڵکشانی گەندەڵی. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە، حکومەتی ھەرێم شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، و راستگۆیانە رووبەروی گەندڵی ببێتەوە.

دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش بە هەماهەنگی نێوانیان قەرەبوی خەڵک و خزمەتی زیاتری ئەو ناوچانە بکەن کە پڕشکی زیاتری قوربانیدانیان بەرکەتوە.

لەو چوارچێوەیەدا خەڵکی پشدەر شایەنی خزمەت و دەستی ئاوەدانکردنەوەی زیاترن.

بزوتنەوەی گۆڕان
 ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٠

761 جار خوێندراوەتەوە