ئاسایى کردنەوەى ژیانى هاوڵاتیان پاش قەدەغەى هاتوچۆ، بە
قۆناغبەندى دەست پێدەکات و ژمارەیەک لە دوکان و بازاڕەکانى سلێمانى دەکرێنەوە.
بەپێى زانیاریەکانى بڕیار نامیق پەیامنێرى دیجیتاڵ
میدیاى KNN،
ئێوارەى ئەمڕۆ لە سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشى پارێزگار و قائیمقام
و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانیدا، ئەو بڕیار و رێنماییە نوێیانە
بڵاودەکرێنەوە کە لەپێناو ئاسایى کردنەوەى ژیانى هاوڵاتیاندایە لە پارێزگاکەدا.
بەپێى زایناریەکانى دیجیتاڵ میدیاى KNN، سەرجەم سەرتاشخانەکانى ناو
گەڕەکەکان دەکرێنەوە، بەدەر لەو سەرتاشخانانەى کە لەشەقامەکانى (قەنات، پیرەمێرد،
حەمدى، کاوە و ئۆرزدى)ن.
هاوکات مارکێتە گەورەکانى دەرەوەى سەنتەرى شار و سەرجەم
دوکانى گۆشت فرۆش و مریشک فرۆشەکانى ناو گەڕەکەکان دەکرێنەوە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە ئەوەشى زانیوە، کە سەرجەم خواردەمەنیەکانى
دەرەوەى سەنتەرى شارى سلێمانى دەکرێنەوە، بەمەرجێک بەشێوەى گەیاندن خواردن پێشکەش
بکەن و دوکانى مۆبایلەکانیش دەکرێنەوە.
بەشێکى دیکەش لەو شوێنانەى دەکرێتەوە، کارگەى چیمەنتۆ و
بلۆک و چەو و لم و کەرەستە بیناسازیەکان و سەرجەم کۆمپانیا بازرگانیەکانن.
کردنەوەى ئەم شوێنانە لە سلێمانى لەکاتێکدایە، شەوى
رابردوو دیجیتاڵ میدیاى KNN وەک یەکەمین دەزگاى میدیایى لە هەرێمى کوردستاندا، هەواڵى ئاسایى کردنەوەى ژیانى
هاوڵاتیانى لەزارى هەریەکە لە پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرى تەندروستیەوە،
بەشێوەیەکى راستەوخۆ بڵاوکردەوە و بەشێکى زۆرى دەزگا میدیاییەکان بەبێ رەچاوکردنى
ئیتیکى کارى رۆژنامەنوسى و ناوهێنانى سەرچاوەى هەواڵەکە، کە (دیجیتاڵ میدیاى KNN)ـە، هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.
9693 جار خوێندراوەتەوە