غازی سارین چیە و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ چین؟

KNN : Kurdish News Network
12:17 - 05/04/2020
کوردستان
+
-

بۆ ناسین و شاره‌زابوون له‌ چه‌كی كۆمه‌ڵكوژو قه‌ده‌غه‌كراوی غازی سارین ، سریه‌ی به‌رگری كیمیاوی وه‌زاره‌تی روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كه‌ خسته‌ڕوو.

 

 
غازی سارین، غازێکی کیمیاویە، بەشێوەی شل و غازیش ھەیە، لە ساڵی ١٩٣٨ لە ئەڵمانیا بۆ یەکەم جار دۆزرایەوە، کاریگەری لە سەر دەمار و مێشک (ئەعساب)ی مرۆڤ دەکات، ئەم غازە وەک چەکێکی کیمیاوی دادەندرێت لە بواری سەربازیدا، لەسەر ئاستی جیھان بە چەکێکی کۆمەڵکوژ دادەندرێت و قەدەغەیە بەکاربھێنرێت.


غازی سارین بێ بۆن و بێ تام و بێ رەنگە، لە ھەوا قورسترە و لە شوێنە نزمەکان دەمێنێتەوە، توانای بڵاوبوونەوەی زۆری نیە، بۆ خۆپاراستن لێی باشترە بچێتە شوێنە بەرزەکان نەک لە ژوورەوە خۆت حەشاربدەی.

 

ھەڵمژینی ئەم غازە یان بەر پێست کەوتنی دەبێتە ھۆی تێکدانی مێشکی مرۆڤ و وەستانی دڵ و کۆئەندامی ھەناسە، نیو میلیگرام بەسە بۆ کوشتنی کەسێک.


له‌ درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یاندا، سریه‌ی به‌رگری كیمیاوی ئاماژه‌یان به‌ نیشانەکانی بەرکەوتووی غازی سارین كرد:


لەوانە  شەلەل، گرژبوونی ماسولکە، ژانە سەرێکی زۆر، بچوک بوونی بیلبیلەکانی چاو، ئارەقەکردن، هه‌وكردن، کۆکە و تەنگە نەفەسی، ئاوی لووت و فرمێسکی چاو، سوتانی پێست، میزکردنی نائاسایی و سکچوون و رشانەوە، خێرایی لێدانی دڵ … لە ئەنجامی ھەموو ئەم کاریگەریانە، دەبێتە ھۆی مردنی مرۆڤ و گیانلەبەران.

 


بەھیچ شێوەیەک غازی سارین توانای بڵاوبوونەوەی نیە لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەگەر گازی سارین دژی شارێک بەکاربھێنرێت دەستبەجێ شارەکە ھەموی وێران دەبێت خەڵکێکی زۆر دەمرێت، نەک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە.

ئه‌وه‌شیان وه‌بیر هێنیایه‌وه‌ كه‌، لە لایەن رژێمی به‌عسەوە غازی سارین لە شاری ھەڵەبجەی شەھید بەکارھێنرا، ھەروەھا بەپێی زانیارییەکان رژێمی بەشار ئەسەدیش دژی خەڵکەکەی خۆی بەکارھێناوه‌.


له‌ كۆتاییدا ، سریه‌ی به‌رگری كیمیاوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، رایده‌گه‌یه‌نن: ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ئێستا بیزانین، غازه‌كه‌ به‌ چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ ئه‌ژمار ده‌كرێت و به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌كارهێنانی قه‌ده‌غه‌.

 

هه‌روها له‌م كاته‌دا ته‌نها‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوه‌ته‌وه و ته‌نها ئه‌م په‌تایه‌ جێی مه‌ترسیه‌، بۆیه‌‌ پێویسته‌ هه‌مومان به‌ هوشیاری و خۆپارێزییه‌كی تونده‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین و به‌ ته‌واوی پابه‌ندی رێنمایی و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببین له‌پێناو سه‌لامه‌تی خۆمان و ئازیزانمان و دوورخستنه‌وه‌ی به‌ڵاو كاره‌سات له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان.

23572 جار خوێندراوەتەوە