بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی پلانی خۆی داناوە بۆ چۆنیەتی ئاسایکردنەوەی ژیان لەدوای ٤٨ کاتژمێرەکە، پلانەکەش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەسەندکراوە،
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە تەندروستی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای KNN ی ڕاگەیاند، پرۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بە قۆناغ ژیان ئاسایی بکرێتەوە و پرۆژەکەش ناوی پرۆژەی (پلانی جێگرەوەی قەدەغەی هاتوچۆ)یە.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند لەدوای ٤٨ کاتژمێرەکە قەدەغەی هاتوچۆ تا 10ی مانگ هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام بە پلانێک دوکان و بازاڕەکان دەکرێنەوە ئەویش بە پێی چەند رێنمایی و مەرجێک.
ئەو سەرچاوەیەی تەندروستی سلێمانی بە بڕیار نامیق پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای KNN ی ڕاگەیاندوە، هەموو دوکاندار و نانەوایەک دەبێت ماسک و دەستکێش ببەستن و بەتایبەت ئەو کەسانەی پارە وەردەگرن نابێت بەهیچ شێوەیەک دەست لە خواردنەکان بدەن و لیژنەکانی قایمقامیەتیش بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی رێنماییەکان دەکەن.
هەروەها هەتا کۆتایی ئەم مانگە شوێنە گشتیەکانی وەک خوێندنگاکان و بازاڕەکان ناکرێنەوە،بەڵکو تەنیا مارکێتی و دوکانی کۆڵانەکان و شوێنە کەم قەرەباڵغەکان دەکرێنەوە.
هەر بەپێی پلانەکە، قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی دەکرێتەوە. ڕێگە بە دروستکردنی هیچ جۆرە قەرەباڵغیەک نادرێت و هەتا ماوەیەکی دیکەی درێژ ڕێگە بە کردنەوەی کافتریا و مۆڵ و ڕیستۆرانتەکان نادرێت.
سەرچاوەکەی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی ئاشکراکرد،لەدوای ٤٨ کاتژمێرەکە رێکارەکانی ئاسایی کردنەوەی ژیان و ڕێنماییەکان بڵاودەکرێنەوە و هاوڵاتیانی لێ ئاگادار دەکرێنەوە.
بەشێکی دیکەی پرۆژەکە،بریتیە لە تاک پارێزی، واتا لە دوای نەمانی قەدەغەی هاتوچۆ، ئیتر پێویستە هاوڵاتیان خۆیان خۆیان بپارێزن و لەکاتی چونە سەر کار و بازاڕ و شوێنە گشتیەکان ئاگاداری خۆیان بن و تێکەڵی نەکەن و قەرەباڵغی دروست نەکەن.
46021 جار خوێندراوەتەوە