بەپێی
ئامارە فەرمییەكان هەزاران توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنەخۆشییەكە چاكبونەتەوە، ئەو
پشكنینانەی بۆیان ئەنجامدراوە نێگەتیڤ بووە، بەڵام بەشێكیان دوای ماوەیەك ئەنجامەكەیان
بووە بە پۆزەتیڤ.
ڤایرۆسی
كۆرۆنا تاڕادەیەكی زۆر لە حاڵەتی پەتا وەرزییەكان دەچێت و دوای توشبوون كەسەكە بەرگریی
بەرامبەر پەیدا دەكات، بەڵام ئەم ڤایرۆسە چەند جیاوازییەكی هەیە كە ڕەنگە وابكات كەسێك
زیاتر لە جارێك توشی بێت.
پیاوێكی
ژاپۆنی كە لە حەفتاكانی تەمەنیدایە، یەكێكە لە نمونەكان و دوای چاكبونەوەی، پزیشكەكانی
توشی بێزاریی كرد.
ئەو
پیاوە لە شوباتی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەیەكی تۆكیۆی پایتەخت بەهۆی توشبوونی بە كۆڤید
19 كەرەنتینە كرا.
بەپێی
هەواڵێكی دەستەی ئێستگەی ژاپۆنی (NHK)، ئەو پیاوە دوای ماوەیەك چاكبۆتەوە و دەستی
كردووتەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی، هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی بەكارهێناوە، بەڵام دوای
چەند ڕۆژێك دووبارە پلەی گەرمی لەشی بەرزبۆتەوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، ئەوەی
پزیشكەكانی شۆك كردووە ئەنجامی پۆزەتیڤی پشكنینەكەی بووە.
ئەوە
تاكە حاڵەت نییە لە ژاپۆن، بەڵام چەند كەسێكی دیكە دووبارە توشی كۆرۆنا بوونەتەوە،
پرسیارەكە ئەوەیە، ئەوانە بۆچى دووبارە توشبونەتەوە؟
لویس
ئنگوانێس پسپۆڕی ڤایرۆسەكان لەپەیمانگای نیشتمانی ئیسپانی بۆ تەكنەلۆژیای زیندەگی
بە تۆڕى هەواڵى بی بی سی ڕاگەیاندووە، 14%ی ئەوانەی لە كۆڤید 19 چاكبونەتەوە،
دووبارە حاڵەتەكەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڕای ئەو پسپۆڕە ئەوانە توشی نەخۆشییەكە نەبونەتەوە،
بەڵكو ڤایرۆسەكە لە لەشیاندا دووبارە چالاك بۆتەوە.
ئنگوانێس
دەڵێت "ئەوەی من تەنها بۆچونێكە، بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەی توشی ڤایرۆسەكە دەبن
لەشیان بەرگری بەرامبەری پەیدا دەكات، بەڵام سیستمی بەرگری لەشی هەندێ كەس بەپێی پێویست
بەهێز نییە، بۆیە كاتێك كاردانەوەی بەرگری لەش لاواز دەبێت، پاشماوەكانی ڤایرۆسەكە
دووبارە چالاك دەبنەوە"، ڤایرۆسەكە بۆ ماوەیەك لە لەشدا دەژی كە ڕەنگە بگاتە
سێ مانگ یان زیاتر.
ئیزادۆرۆ
مارتینیز، توێژەر لە پەیمانگای تەندروستی كارلۆسی سێهەم لە مەدرید، دەڵێت "سەیر
لەوەدایە ئەوانەی دووبارە توشدەبنەوە، دوای ماوەیەكی كەمە لە چاكبونەوەیان".
لایخۆیەوە
ڕێكخراوی تەندروستی گشتی ئەمریكی (PAHO) بە بی بی سی ڕاگەیاندووە " ئەم ڤایرۆسە
هەر ڕۆژەی شتێكی نوێی لەسەر دەزانرێت، بۆیە تائێستا شیكردنەوەی دروست نییە بۆ حاڵەتەكانی
دووبارە توشبوونەوە"، زانستیش لە هەوڵی خۆیدایە بۆ ئەوەی یارمەتی حكومەتەكانی
جیهان بدات بۆ گرتنەبەری ئەو ڕێگایانەی گرنگە بۆ تەندروستی گشتی.
2422 جار خوێندراوەتەوە