خواردنی كنگر و گیلاخە و گۆزروان و گژوگیا بەهارییەكانی دیكە ئەم سودانەی هەیە

10:23 - 25/03/2020
تەندروستی

لە وەرزی بەهاردا گژوگیاكانی تایبەت بەو وەرزە بازاڕەكان داگیر دەكەن و كەسانێكی زۆریش كە حەز بە خواردنی ئەو گژوگیایانە دەكەن، بۆ كڕینیان ڕوو لە بازاڕەكان دەكەن، بەڵام هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەمساڵدا كاریگەری لەسەر بونی ئەو گژوگیایانە هەبووە.

 

 
كنگر و گیلاخە و گۆزروان و تۆڵەكە، لەگەڵ چەند جۆرێكی دیكەی گژوگیا دیارترین كەرەستەكانی ناوبازاڕن لە بەهاردا، بەڵام لەمساڵدا بەهۆی داخستنی بازاڕەكان و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ئەو گژوگیایانە لەوێ نابینرێن، بەڵام لە بەشێكی دوكانی لاكۆڵانەكان چەند جۆرێكیان دەفرۆشرێن.

پسپۆڕانی تەندروستی توێژینەوەی زۆریان لەسەر خواردنی گژوگیا و ڕووەكە بەهارییەكان ئەنجامداوە و چەندین سودیان بۆ لەش ئاشكرا كردووە، هەروەها بە چارەسەریش بۆ چاكبونەوە لە نەخۆشیی دادەنرێن.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكان ئەو گژوگیایانە بە سەرچاوەیەكی سەرەكی ماددەی خۆراك و ڤیتامین و كانزای جۆراوجۆر دەوڵەمەندن، بۆیە ئەگەر بەشێوازێكی تەندروست ئامادە بكرێن بەشێكی زۆری ئەو ماددە خۆراكی و ڤیتامین و كانزایانە دەچنە لەشەوە سود بە ئەندامەكانی دەگەیەنن هەروەها دەبنە هۆی بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش.

مەبەست لە ئامادەكردنی ئەو گژوگیایانە بەشێوازێكی تەندروست زیاد كردنێتی بۆ پێكهاتەی زەڵاتە، یاخود لەكاتی ئامادەكردن و لێنانی گژوگیاكاندا بڕێكی زۆر ڕۆن و چەوری بەكارنەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی شێوازی ورد كردن و زۆر كوڵاندنی گژوگیاكانیش بەهەمان شێوە ڕۆڵیان هەیە لە كەمبونەوەی سودەكان.

پسپۆڕەكان باس لەوە دەكەن لەكاتی ئامادەكردنی ئەو ڕووەكە بەهاریانە باشترە زۆر ورد نەكرێن، بۆ ئەوەی ڤیتامین و ماددە خۆراكییە سود بەخشەكانی لەناونەچن، هەروەها لەكاتی لێناندا بڕێكی زۆر ئاو نەكرێتە پێكهاتەكەیەوە و دواتر ئەو ئاوە بڕێژرێت، چونكە بەو كردارە ماددە سود بەخشەكانی پێكهاتەكەی بەفیڕۆدەچێت.

دیارترین سودی گژوگیا و ڕووەكە بەهارییەكان بریتییە لە كەمكردنەوەی چالاكی خانە شێرپەنجەییەكان، ئەوەش ئەگەری توشبوون بەو نەخۆشییە كەمدەبێتەوە، هەروەها پارێزگاری لە دڵ دەكات و ڕێژەی شەكر و فشاری خوێن دادەبەزێنێت بەمەش ئەگەری توشبوون بە چەند نەخۆشییەك كەمدەبێتەوە.

1981 جار خوێندراوەتەوە