ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی كەش و هەوایە

KNN : Kurdish News Network
03:30 - 23/03/2020
جیهان
+
-

كەش و هەوا مەبەست لەو گۆڕانكارییانەیە كە لەبەرگە هەوای گۆی زەویدا ڕوودەدەن، ئەوەش بەهۆی چەند گۆڕانكارییەكی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی هەروەها جوگرافی و كیمیاوییەوە كە بەهۆی چەند هۆكارێكەوە لە چوارچێوەی سیستمی زەویدا ڕوودەدەن، ئەوەش كاریگەری لەسەر ژیانی سەر زەوی دروست دەكات و پەیوەندی بە ژیانی هەمووانەوە دەبێت.

 

گرنگی كەش و هەوا وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە 23 ئازار وەك ڕۆژی جیهانیی كەش و هەوا دیاری بكات، ئەمساڵیش لەژێر ناونیشانی (كەش و هەوا و ئاو) یادەكە دەكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی گرنگی ئاو بۆ ژیانی مرۆڤایەتی بەو پێیەی هیچ  كەسێك ناتوانێت لە سێ ڕۆژ زیاتر بێ ئاو بژی، بونی ئاویش پەیوەندی تەواوی لەگەڵ دۆخی كەش و هەوادا هەیە.

بەشێوەیەكی گشتی ئەو گۆڕانكارییانە بریتین لە بەرزبونەوە و نزمبونەوەی پلەكانی گەرما، یاخود گۆڕانكارییە لە ڕێژەی بارینی بەفرو باران لەناوچەیەكی دیاریكراودا، ئەمە جگە لەو گۆڕانكارییانەی كە ئەگەری هەیە لە تەواوی گۆی زەویدا ڕووبدەن.

پسپۆڕانی ئەو بوارە ئاماژە بەوە دەكەن، لەئێستادا مەترسیەكی جدی هەیە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا، گەیشتونەتە ئاستێك بەئاشكرا هەستیان پێدەكرێت و چەندین دیاردە لە كەش و دۆخی ئاو و هەوای زەویدا ڕوودەدەن كە پێشتر بونیان نەبووە یاخود تایبەت بوون بە وەرزێك و ئێستا لە وەرزێكی دیكەدا ڕوودەدەن، وەك دروستبونی لافاو لە وەرزی هاویندا و بارینی بەفر لە پایزدا، ئەمە جگە لەوەی لەبەشێكی وڵاتان لە وەرزی زستاندا پلەكانی گەرما بەڕادەیەكی زۆر دانابەزن و ڕێژەی بەفر و بارانیان كەمدەبێتەوە.

لەئێستادا چەندین ڕێكخراوی جیهانی كار لەسەر كەمكردنەوەی ئەو گۆڕانكارییانە دەكەن و دەیانەوێت دۆخی ئاو و هەوای زەوی ئاسایی بكەنەوە، تا گۆڕانكارییەكان نەبێتە مەترسییەك لەسەر ژیانی زیندەوەرەكانی سەر زەوی، بەتایبەت بۆ پاراستنی ڕێژەی ئاوی شیرینی خواردنەوە كە بە ملیۆنان كە بە ئاسنی بەدەستیان ناگات.

816 جار خوێندراوەتەوە