وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا
هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)
كەمدەکاتەوە.
بەپێى رەشنووسی پڕۆژە
بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ ساڵی (2021)، هاوكارییەكانی ئەمریكا لە هەریەك لە عێراق
و سووریا بڕى (350) ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.
لە پڕۆژە بودجەى (2020)ى
ئەمەریکادا، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا یەك ملیار و (159) ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە عێراقییەكان
و پێشمەرگە و هەسەدە بۆ شەڕی دژی داعش تەرخانكردبوو، بەڵام بەپێى رەشنوسى پڕۆژەکە
بۆ ساڵى (2021) بڕى هاوکاریەکە بۆ (845) ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە.
كۆی ئەو پارەیەی لە رەشنووسی بودجەی سەربازیی ساڵى
(2021) بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانكراوە، بڕى (80) ملیۆن دۆلارە، بەجۆرێک (33) ملیۆن
دۆلار بۆ پێداویستییە سەرەتاییەكان، سووتەمەنی، كەلوپەلی بیناسازی، دەرمان، پارچەی
چەك و پارچەی ئۆتۆمبێلی سەربازی تەرخان دەكرێ، (47) ملیۆن دۆلار بۆ پڕچەككردن و
راهێنانی (12) لیوای وەزارەتی پێشمەرگە دەبێ كە یەكخراونەتەوە.
بەپێى دابەشکارى رەشنوسى
بودجەکە، هاوکاریەکە ئەو هێزانە ناگرێتەوە كە بە گوێرەی رەشنووسەكە "لایەنگریی
سیاسی"یان هەیە.
کە مکردنەوەى هاوکاریە
داراییەکانى ئەمەریکا بۆ کورد لە (عێراق و سوریا) لە كاتێكدایە، لە ساڵى
(2019)ـەوە بەردەوام هاوکاریەکانى ئەمەریکا کەمیکردوە بەتایبەت بۆ ساڵى (2021).
هاوکات بەرپرسانی كورد
لە هەرێمى کوردستان و رۆژئاواى کوردستان، چەند جارێک باسیان لەوە کردوە، کە داعش هێشتا
مەترسیە و لە قۆناغی هەڵسانەوەدایە.
1565 جار خوێندراوەتەوە