بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆمەڵێک ڕێنمایى بڵاودەکاتەوە و داوا لە سەرجەم پەروەردەکارى سنورى پارێزگاى سلێمانى دەکات پابەند بن بە جێبەجێکردنیان.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردوە، ئەمڕۆ لە هەولێر بە بەشدارى سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکى گرنگ سەبارەت بە چۆنێتى خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤأیرۆسى کۆرۆنا کراوە و تیایدا تەئکید لەسەر جێبەجێکردنى ئەم ڕێنماییانەى خوارەوە کراوەتەوە کە گشتاندنى بۆ کراوە بۆ سەرجەم پەروەردەکان بە مەبەستى پاراستنى گیانى خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى راشیگەیاندوە، لە کۆبوونەوەکەدا تەءئکید لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تاکو ئێستا ئەم نەخۆشییە لە هەرێمى کوردستان بوونى نیە.
دەقى راگەیەنراوى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى:
ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٢/٢٢ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی شەهید سەعد عبدللە لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی بەڕیز وەزیری ناوخۆو ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی پەروەردە، دارایی، تەندروستی، گواستنەوە وگەیاندن و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە ی شەهید و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوانی وەزارەتەکانی ئاماژە بۆ دراوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکانی وەزارەتەکانی ئاماژە پێکراو و بەڕێوەبەرانی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێرو بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ و حاجی هۆمەران و پەروێزخان ، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام درا سەبارەت بە خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە تا ئێستا ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە بەهۆی ڕۆشنبیری هاونیشتمانیان و ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی گیراونەتە بەر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. هێندەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە هەیە داواکارم سەرجەم بەڕێوەبەرانی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن پابەند بن بەم خاڵانەی خوارەوە لە پێناو پاراستنی گیانی گشت قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران.
یەکەم/ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە تەواوەتی جێ بەجێ بکرێت.
دووەم/وانەی یەکەم ڕێنمایی بدرێت بە قوتابیان و خوێندکاران .
سێهەم/هەموو چالاکیەک کە دەبێتە هۆی دروست بوونی قەرەباڵغی ڕابگیرێت لە فێستیڤاڵ،ئاهەنگ،کۆڕو سمینارو پێشانگە.
چوارەم/لەگەڵ بنکەی تەندروستی گەڕەکەکان و بەڕێوەبەرێتی تەندروستی قوتابخانەکان هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ خۆ پارێزی لەم نە خۆشیە.
پێنجەم/گرنگە پاک و خاوێنی ،بوونی ئاو ، پاکەرەوە دابین بکرێت.
شەشەم/لیژنەی فرۆشگا چالاک تر بەردەوام سەردانی فرۆشگا بکات بۆ دڵنیابوون لە جێ بەجێ کردنی مەرجە تەندروستیەکان.
حەوتەم/هەرقوتابی و خوێندکارێک ئەنفلوەنزا یان تای هەبوو کارئاسانی بۆ بکەن بۆ پشکنین و چارەسەر.
هیوادارم هەمووان دووربیین لەم نەخۆشییە و لەش ساغبن.
لە گەڵ ڕێزدا
دڵشاد عمر محمد کریم /بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی
3390 جار خوێندراوەتەوە