راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری دارایی رایدەگەیەنێت، ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی 2020 هەیە، هیچ مەترسییەك دروستناكات و مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر كراوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندوە، بە گوێرەی پێشبینییەكانی بودجەی 2020 ، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان مسۆگەر و دەستەبەر كراوە، ئەو كورتهێنانەش كە لە بودجەدا دروستبووە كاریگەری لەسەر مووچە نابێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، حكومەت پەنا بۆ سەرچاوەی ناوخۆیی دەبات بۆ دەستەبەركردنی پارەی پێویست بۆ ئەوەی نزیكەی 500 هەزار كەس لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا سەركار بخرێن.
راوێژكاری كاروباری دارایی سەرۆكی حكومەتی عێراق ئاشكراشیكردوە، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەتدا كە لە كۆتایی ساڵی رابردوو دەستیپێكردوە، نزیكەی 500 هەزار كەس لە رێگەی گرێبەست و كاری رۆژانەو گەڕاندنەوەی فەرمانبەران سەركار خراون، بەو هۆیەشەوە بڕی 10 بۆ 11 ترلیۆن دینار بۆسەر بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە زیادیكردوە.
1609 جار خوێندراوەتەوە