وەزارەتی دارایی رێنمای وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگان و کۆمپانیاکانی دەرکرد و
ئاراستەی بانکە بازرگانیەکانی بۆ جێبەجێکردن.
بەپێی رێنمایەکە کە لە سایتی فەرمی وەزارەتدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە
بەوەکراوە دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا واتا هەتا مانگی ئایار سەرجەم قەرزی لای کۆمپانیا و بازرگانەکان وەربگیرێتەوە.
بەپێی نوسراوەکە کە لە رۆژی ١٠ ئەم مانگە دەرچووە و ئیمزای ئاوات شێخ جەناب
وەزیری دارایی لەسەرە، داواکراوە هەر کۆمپانیا و بازرگانێک لەماوەی سێ مانگدا
قەرزەکانی نەگێڕایەوە، دەبێت ئەو موڵکانەی بەرەهن دایاناوە لەبری قەرزەکە بفرۆشرێن.
لە رێنماییەکەی وەزارەتی داراییدا
ئەوەش هاتووە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی
فرۆشتنی موڵکەکان، بە تایبەت وەزارەتی داد.
لە نوسراوەکە ئاماژە بەوەکراوە،گەڕانەوەی
قەرزەکان بە چەکی بانکی یاخود کاش بەپێی یاسا و
ڕێنماییەکانی پەیڕەوەکراو لە بانکە بازرگانییەکان بێت، هەروەها چەکە بانکییەکان
بەناوی قەرزارەکانەوە بێت و چەکی بانکە بازرگانیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت
بە مەبەستی پاکتاوکردنی قەرزەکانیان و بە هیچ شێوەیەک چەکی بانکی ئەهلی نەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای
چاکسازی کە لەماوەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان پەسەندیکرد، حکومەتی هەرێم پابەندکراوە قەرزی لای کۆمپانیا و بازرگانەکان وەربگرێتەوە
کە رێژەکەی ٨٠٠ ملیار دینارە.
2162 جار خوێندراوەتەوە