رۆژانە (18) کەس لە هەرێم توشى شێرپەنجە بوون

KNN : Kurdish News Network
10:53 - 04/02/2020
کوردستان
+
-

لە رۆژى جیهانى روبەڕوبونەوەى شێرپەنجەدا، چەندین چالاکى و هەڵمەتى تەندروستى لەسەر ئاستى جیهان بەڕێوەدەچیت، بەپێى ئامارێکى وەزارەتى تەندورستى هەرێم تەنها لە ساڵى رابردودا (6934) کەس توشی شێرپەنجە بون.

ئەمڕۆ (4)ى شوبات رۆژی جیهانیی روبەڕوبونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەیە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارى لەبارەى زیادبونى ئامارەکانى توشبون بە نەخۆشى شێرپەنجە دەدات و رایدەگەیەنێت، وڵاتە کەمدەرامەتەکان سیستەمی دەستنیشانکردن و رێگریکردنیان لە شێرپەنجە لاوازەو پێشبینى دەکرێت تاوەکو ساڵى (2040) تووشبوون بە شێرپەنجە لەو وڵاتانەدا بەڕێژەى لە 81% زیاد بکات و لە جیهانیشدا لە دوو دەیەی داهاتوو بگاتە لە 60%.

هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش ئامارەکان بەراورد بە چوار ساڵى رابردو زیادیکردوە.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند، لە ساڵى (2019)دا شەش هەزار و (934) کەس لە هەرێمى کوردستان توشی شێرپەنجە بون.

لەبارەى هۆکارەکانى توشبون بە شێرپەنجە رایگەیاند، دو هۆکاری سەرەکی لە پشت بەرزبونەوەی ئامارەکەن، ئەویش گۆڕینی شێوازی ژیانی هاوڵاتیان و دوەمیش ئێستا زۆربەی حاڵەتەکان تۆمار و ئامار دەکرێن، بەراورد بە ساڵانی رابردو.

بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، توشبوان بە شێرپەنجەی مەمک لەئاستى یەکەمدایە بە رێژەی (21%) و لە پلەی دوەمیشدا شێرپەنجەی کۆڵۆن دێت و شێرپەنجەی سی و کۆئەندامی هەناسەش لە پلەى سێهەمدایە.

رێکخراوى تەندروستى جیهانى جەخت لە زیادبونى ئامارەکان لەسەرئاستى جیهان دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، تەنها لە ساڵى (2018)دا زیاتر لە (18) ملیۆن کەیسی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا تۆمارکراوە، پێشبینیش دەکات تاوەکو ساڵی (2040) ژمارەکە بگاتە (29 – 37) ملیۆن تووشبوو، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە وڵاتە کەمدەرامەتەکان سەرچاوەیەکی کەمی داراییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە تەرخانکردووە و سیستمی دەستنیشان کردن و رێگریکردنیان لە شێرپەنجە لاوازە.

1347 جار خوێندراوەتەوە