یەکەمین دیداری فیکرى گۆڕان، بۆ هەڵسەنگاندنی کاری پێشوی
سیاسیی بزوتنەوەکە، ئاڵوگۆڕی بۆچون و خستنەڕوی تێڕوانی نوێ بۆ داهاتوی کاری سیاسی
بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ شەممە (1/2/2020) لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان
لە سلێمانى، یەکەمین دیدارى فیکرى بزوتنەوەى گۆڕان دەستیپێکرد، بە ئامانجى تەرکیز
خستنە سەر بونیادی فیکری بزوتنەوەی گۆڕان، ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوەی ئەو
بنەما فیکریانەی کە بۆ کاری رێکخراوەیی و کاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە.
لە وتاری دەستپێکی دیدارەکەدا، عەدنان عوسمان ئەندامی
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، باسی لە بنەمای فیکریی بزوتنەوەکە کرد و وتی، گۆڕان
حزبی رۆژ نییە و بۆ گۆرینی سیستەمی ئابوریی، پەروەردەیی، سیاسیی و بەڕێوەبرن
دروستبوو.
دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان
لەبارەی بەڕێوەچونی یەکەم دیداری گۆڕان رایگەیاند، دیدارەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی
(پرد)دا دەبێت، تاووتوێی بنەما فیکرییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت و چوار پانێڵ لەخۆدەگرێت.
لە دیدارەکەدا، باکگراوندى فیکرى بزوتنەوەى گۆڕان گفتوگۆى
لەبارەوە دەکرێت و ئەکادیمیست، نوسەر و رۆشنبیران، تیشک دەخەنە سەر بەشە جیاوازەکانى
ئەم بابەتە و هەوڵدەدەن وەڵام و شیکردنەوە بۆ چەند تەوەر و پرسێک بکەن، لەوانە:
(ناسنامە و روانگەى فیکرى گۆڕان، ئەرکە رۆشنبیرى و فیکریەکانى گۆڕان، داڕشتنەوەى
بنەما فیکریەکانى کارى سیاسى بۆ داهاتو، هەڵسەنگاندنى کارنامەى سیاسى گۆڕان، ئەرکى
گۆڕان بەرامبەر پرسە کۆمەڵایەتى و پەروەردەییەکان، پێویستیەکانى پەڕینەوەى قۆناغى
سیاسى لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات و رۆڵى رۆشنبیران لە گەڵاڵەکردنى پلان و ستراتیژى
فیکر و سیاسى گۆڕان).
دلێر عەبدولخالق ئاماژەى بەوە کرد، لە دیدارەکەدا نزیکەی
(100) کەس لە خەڵکی دەستەبژێر، رۆشنبیر و ئەکادیمیست بانگهێشتکراون، کە نزیکایەتییان
لەگەڵ بیری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، گفتوگۆیەکی چڕ و جدی ئەنجام دەدەن، بۆ گەڵاڵەکردنی
چەند راسپاردەیەک بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی بونیادە فیکرییەکانی کاری رێکخراوەیی
بزوتنەوەی گۆڕان، دواتر راسپاردەکان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەڕاندن دەکرێن
بۆ ئەوەی لە داڕشتنی کاری سیاسی گۆڕان جێ بگرێت.
545 جار خوێندراوەتەوە