وڵاتانی ئەوروپا داوای دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن

09:51 - 08/12/2019
عێراق

وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق کردووە، گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی نزیک خۆپیشاندانەکان دووربخاتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی جۆن ویلیکس باڵیۆزی بەریتانیا، ئۆلە دییەل باڵیۆزی ئەڵمانیا و برۆنۆ ئەوبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئیدانەی کوشتنی خۆپیشاندەرانیان کرد بەتایبەت ئەو خۆپیشاندەرانەی رۆژی ھەینی رابردوو لە گۆڕەپانی خەللانی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران.

باڵیۆزی ھەرسێ وڵات داوایان لە عەبدولمەھدی کردووە دڵنیایی پاراستنی خۆپیشاندەران بکات و لێکۆڵینەوەی پێویست و بەپەلە بکات بۆ لێپرسینەوەی ھەموو ئەو بەرپرسانەی دەستیان ھەبووە لە کوشتنی خۆپیشاندەران.

ئەمڕۆش ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد، لەپشت هێرشەکانی شەوی هەینییەوەیە کە کرایە سەر خۆپیشاندەرانی بەغدا و لە ئەنجامدا ٢٥ خۆپیشاندەر کوژران.

806 جار خوێندراوەتەوە