ئوسامە نجێفی: هەژموونی ئێران لە عێراق هەر کۆتای دێت

08:28 - 03/12/2019
عێراق

سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر ئیستاش هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە کۆتایی نەیەت، ئەوا ئەو ڕۆژە نزیکە ئێران لە عێراق دەستی کورت بێتەوە.


ئوسامە نجێفی، سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس ڕایگەیاندووە "وەک چۆن ئێستا قبوڵی ئێران ناکرێت لە عێراق، ڕۆژێک دێت خەڵکی عێراق خۆی ئەم هەژموونە کۆتایی پێدەهێنن و ناهێڵن وڵاتێکی دیکە ئەوان کۆنترۆڵبکات یان بەڕێوەیان ببات".

نجێفی وتوشیەتی "ئەگەر عێراق چووە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ئەوا دەبێت ئەوروپا و وڵاتانی دیکە چاودێربن و نەهێڵن هەڵبژاردن وەک یارییەکی ناوچەی مامەڵەی پێوەبکرێت".

سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێران بە ئاسانی دەست لە عێراق ناکێشێتە داواوە و دڵنیان هەموو شتێک دەکات تا خۆی لە عێراق بمێنێتەوە، بەڵام وەک دەبینین هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا بەرەو لاوازی دەچێت".

بۆ یەکەمجار خەڵکی عێراق لە ڕێگای خۆپیشاندانەوە نیگەرانی خۆی دژی هەژموونی ئێران لە وڵاتەکەیان دەربڕی و بۆیەکەمجار دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە ئاشکرا هێرشکرایە سەر کونسوڵخانە و رەمزەکانی ئێران لە عێراق.

682 جار خوێندراوەتەوە