دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ هاوسەرۆکانی هەدەپە کرایەوە

KNN : Kurdish News Network
01:12 - 10/10/2019
جیهان
+
-

بەهۆی قسەکردن دژ بە هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، داواکاری کۆماریی ئەنقەرە، دۆسیەی لێپێچینەوەی هاوسەرۆکی گشتی و سێ پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە کردەوە.

 

داواکاری کۆماریی ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەتۆمەتەکانی 'پرۆپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی'، 'پاڵپشتیکردن لە تاوان و تاوانباران'، سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە حکومەتی کۆماری تورکیا' دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ هەریەک لە سزایی تەمەلی و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هەمان تۆمەت دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ هەریەک لە گوڵستان کۆچیغیت، لەیلا گوڤەن، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتارانی هەدەپە کراوەتەوە.

 

هاوکات، ئەمڕۆ، سزایی تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەردۆغان دەیەوێت میللەتی کورد لە ناو ببات.

 

دوای ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە، ئەمریکا هێزەکانی لە دوو خاڵی ناوچەی ئارام لە حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جەزیرە و تەل ئەبیەز لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە.

دوێنێش تورکیا هێرشی سەر رۆژئاوای کوردستانی دەستپێکرد و دواتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ چەکدارانی هاوکاری سوری ئۆپراسیۆنی زەمینیان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

809 جار خوێندراوەتەوە