تورکیا هێزی زیاتری ڕەوانەی سنوری رۆژئاوا کرد

KNN : Kurdish News Network
10:40 - 10/10/2019
جیهان
+
-

درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای تورکیا، هێزێکی پێکهاتوو لە کۆماندۆ و کەرەستەی سەربازی ڕەوانەی سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.

 

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، بەمەبەستی پشتیوانی سوپای تورکیا، ناردنی هێزی زیاتر بەردەوامە و درەنگانی شەوی رابردوو، کاروانێکی دیکەی سەربازی ڕەوانەی سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان کراوە.

 

ناردنی هێزی زیاتر بۆسەر سنورەکان لە کاتێکدایە، لە بەیانی ئەمڕۆوە سوپای تورکیا بەسەختی هەریەک لە گرێسپی و سەرێکانیێ بۆردومان دەکات و ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی لەو ناوچانە دەستپێکردووە.

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە تورکیا سەرجەم بەربەرستە کۆنکرێتییەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان داینابوون لادەبات و ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات.

هاوکات ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە دەڵێت "لەئەنجامی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە یەکەم رۆژی هێرشەکەدا ٣ شەڕڤانی هەسەدە و پێنج هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە ڕاگەیەندرا و سەرەتا بە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەک دەستیپێکرد، دواتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ چەکدارانی هاوکاری سوری ئۆپراسیۆنی زەمینیان دەستپێکردووە و دەچنە ناو خاکی سوریاوە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند هێرشی سەر ٧ خاڵی سوپای تورکیایان کردووە.

855 جار خوێندراوەتەوە