هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکیان
لەبارەی ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و
رایگەیاند، "هێرشەکانی تورکیا قبوڵناکەین و هەموو هێرشێک بۆ سەر رۆژئاوا
ئیدانە دەکەین."
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-10-2019 هێزەکانی سوریای دیموکرات،
راگەیەندراوێکیان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە، بە گیان و رۆح بەرگریی لە ناوچەکانیان دەکەن و ناهێڵن تورکیا هێرش بکاتە
سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ئاماژە بەوەشکراوە، "تورکیا دەیەوێت
لە رێگەی ئەو هێرشانەوە خاک لەبەردەم چەتەکانی داعش بکاتەوە وەک چۆن لەبەردەم
گرووپە چەتەکانی دیکەی کردووەتەوە، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان هێرشی
تورکیا و هێزە پشتیوانەکانیان قبوڵناکەین".
روونیشیکردووەتەوە، " هەر بۆیە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراتییەکان و یەکێتی
ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پێویستە هەڵوێستێکی دژیان هەبێت بەرامبەر
هێرشی تورکیا و ناکرێت دەستەوەستان بن بەرامبەر هێرشی تورکیا بەمەش دەبنە پشتیوان
و یارمەتیدەری، لەسەر ئەو بنەمایش قسەی خۆمان بۆ هەموو جیهان دووبارە دەکەینەوە،
کە ئێمە دەوڵەتی تورکیا ناکەینە ئامانج، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا رژد و سوور
بوو لەسەر ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر و خاکمان داگیر بکات، ئێمە تا دوایین سات بەگری
لە خۆمان دەکەین و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکین."
ئەم راگەیەندراوەی هەسەدە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، بەرپرسێکی ئەمریکی بە گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکای راگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئاگادارکراوەتەوە، هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا "رۆژئاوای کوردستان" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە، فەخرەدین ئاڵتون، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، هێرشەکە لە ماوەیەکی "نزیکدا" دەستپێدەکات و هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بەشداری دەکەن.
دوای ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە، ئەمریکا هێزەکانی لە دوو خاڵی ناوچەی ئارام لە حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جەزیرە و تەل ئەبیەز لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە.
1745 جار خوێندراوەتەوە