ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و نوێنەرانی خۆپیشاندەران لە
بەغدا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری خۆپیشاندەران چەند مەرجێکیان بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان راگەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی
عێراقییە بڵاویكردەوە، محەمەد حەلبوسی لە نووسینگەكەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێشوازیكردووە
لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران و كۆبوونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا،
داواكاری خۆپیشاندەران و ئەو توندوتیژییەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی
رابردوو كەوتووەتەوە، تاوتوێكراون.
بەپێی زانیاییەکان لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری
خۆپیشاندەران چەند مەرجێکیان بە سەرۆکی پەرلەمان راگەیاندووە لەوانە دابینکردنی دامەزراندن
و هەلی کار، پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کرێنشینان، بڕینەوەی مووچە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان
و دوورخستنەوەی پارێزگاری شارەکانی بەغدا و کەربەلا.
لە دوای ئەو خۆپیشاندانانەی
كە لە رۆژی سێشەممەی رابردووە لە شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراق دژبە گەندەڵی،
بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان ئەنجام دەدرێن، ئەمە یەكەمجارە گەورە بەرپرسێك لەگەڵ
نوێنەرانی خۆپیشاندەران كۆببێتەوە.
هاوکات، کۆمسیۆنی باڵای
مافەکانی مرۆڤی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەرەڕای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ و هەوڵی
هێزە ئەمنییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی شارەکان، خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی دیکە
بەردەوامە و بە هۆیەوە ژمارەی قوربانییەکان بۆ ١٠٠ کوژرا و زیاتر لە چوار هەزار بریندرا
بەرزبووەتەوە.
ماوەی چەند رۆژی
رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان
شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە و تاوەکو ئێستە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکاندا
ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا
١٠٠ كەس كوژراون.
2422 جار خوێندراوەتەوە