پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا

11:07 - 12/09/2019
کوردستان

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، فرسەت سۆفی، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەکو پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژیردرا.

 

پەیامنێری KNN لە هەولێر ڕایگەیاند: ئەمڕۆ, پێنجشەممە, ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەی ژمارە 70 ی خۆی گرێدا و 41 ەمین پارێزگاری هەولێر هەڵبژێدرا.

 

وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا, فرسەت سۆفی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان, بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر بە ٢٧ دەنگ لە کۆی ٢٨ ئەندامی ئەنجومەن وەکو پاریزگاری نوێ هەڵبژێردرا.

دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر, كۆنووسی كۆبوونەوەكە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و لەوێوە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم بەرز دەكرێتەوەو دواتر پارێزگاری هەڵبژێدراو لە بەردەم سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر فەرمانی بۆ دەردەكرێت و دەستبەكار دەبێت.

 

فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر کێیە؟
* فرسەت سۆفی لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لە دایك بووە.
*خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی.
*ماوەیەك مامۆستا بووە لە زانكۆی سەلاحەدین.
*لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە.
*پێشتر ئەندامی دەستەی ڕاوێژكاریی یاسایی بوە لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم.
*ئەندامی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم.
* كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ پارێزگاری هەولێر.

417 جار خوێندراوەتەوە