ئایا پەرلەمان و حکومەتی عێراق لە تاقیکردنەوەکاندا دەردەچن؟

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 11/09/2019
عێراق
+
-

 
رۆژی شەممە وەزری نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، دەست پێدەكات, پەرلەمانتارێكی عەرەب دەڵێت: وەرزی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران, وەرزی لێپرسینەوەو بەدواداچونی جدیی و توند دەبێت لەكارنامەی حكومەت و وەزیرەكانی. 

 

 لەئێستادا بەهۆی دروستبونی ناكۆكیی توندی لایەنە سیاسیەكانی پێكهێنەری حكومەتی عێراق لەسەر ئەدای حكومەت و خودی عەبدولمەهدی, ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراق لەبەردەم ئاڵنگاریی ‌و تاقیكردنەوەدان, پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: هێشتا زوە بۆ ئەوەی عەبدولمەهدی كارنامەكەی جێبەجێ بكات و دەبێت دەرفەتی زیاتری پێ بدرێت.
 
رۆژی شەممە 14ی نۆ، وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەست پێدەكات, لەم وەرزەشدا كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەبەردەم ئاڵنگاریی و تا ڕادەیەك تاقیكردنەوەدا دەبن وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت. 
 
لەم وەرزە نوێیەی ئەنجومەنی نوێنەراندا, چاوەڕوان دەكرێت چەندین یاسای گرنگ و هەستیار دەربچوێنرێن, هەروەك چاوەڕوان دەكرێت، جێگە قسەو باسی جدیی بێت لەسەر چاكسازیی و ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بەو پرسەو چەندین پرسی دیكە. 

چاوەڕوانیش دەكرێت ركابەرەكانی عەبدولمەهدی، گوشارەكانیان توندتر بكەنەوە لەسەر كابینەی حكومەتەكەی و كارەكانی و وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن وەرزی نوێی پەرلەمان, وەرزی لێپرسینەوەو بەدواداچون و بانگهێشتكردنی وەزیرو بەرپرسانی حكومەت دەبێت. 
 
لە وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەراندا, چاوەڕوا دەكرێت گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەرێگەی فراكسیۆنەكانیانەوە، توند ببێتەوەو حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بكەوێتە بەردەم ئاڵنگاریی جدیی و تانەی توندی لایەنەكان, چاوەڕوانیش دەكرێت كابینەی حكومەتەكەی و وەزیرەكانی لەبەردەم پرسیاری جدیی چاكسازییدا بن لەلایەن پەرلەمانتارانەوەو بەدواداچون بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانیان بكرێت لەسەر زۆر پرسی دیكەی پەیوەست بە چاكسازیی و كارنامەی حكومەت. 
 
پەرلەمانتارێكی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران عیراق دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی هەموو داواكارییەكانی كورد لەكابینەی نوێی حكومەتی عەبدولمەهدی جێبەجێ نەكراون, كەپێشتر بەڵێنیدابوو, بەڵام پێی وایە هێشتا زووەو كات ماوە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تا كارنامەكەی جێبەجێ بكات.   
 
لەئێستادا بەهۆی دروستبونی ناكۆكیی توندی لایەنە سیاسیەكانی پێكهێنەری حكومەتی عیراق لەسەر ئەدای حكومەت و خودی عەبدولمەهدی, بەتایبەتیش دوای تویتەكەی سەدر كە هۆشداریی توندی دایە حكومەت, ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، لەبەردەم ئاڵنگاریی ‌و تاقیكردنەوەدان, بەتایبەتیش لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانی پەرلەمان.

512 جار خوێندراوەتەوە