ئەگەر تورکمان وەڵام نەداتەوە کورد لە کەرکوک چاوەڕێی ناکات

08:56 - 11/09/2019
کوردستان

 
 گفتوگۆی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ عەرەب و توركمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگای كەركوك، دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، ئەندامێكی كوردی بەشداربووی كۆبوونەوەكان رایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی دوایین وەڵامی لایەنی توركمانن‌ و ئەگەر وەڵامییان نەدەنەوە، ناچارن وەك لیستی برایەتی كە زۆرینەی ئەنجومەن پێكدەهێنن، پارێزگاری نوێ‌ بۆ شارەكە دیاری دەكەن، لە بەرامبەریشدا توركمان ئەو هەنگاوە، رەت دەكاتەوە و سووربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، دووپات دەكاتەوە.
 
گفتوگۆی شاندی كوردی لەگەڵ پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شاركە، دەچێتە قۆناغێكی نوێووە.
 

ئەندامێكی كوردی بەشدار لە كۆبوونەوەكان ئاماژە بۆئەوە دەكات: چاوەڕوانی دوایین وەڵامی لایەنی توركمانن‌و دەشڵێت: ئەمە دوا دەرفەتەو ئەگەر وەڵامیان نەدەنەوە، ناچارن وەك لیستی برایەتی كە زۆرینەی ئەنجومەن پێكدەهێنن، بڕیاری خۆیان بدەن و پارێزگار دیاری بكەن. 
 

لەبەرامبەردا، توركمان سووربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دووپات دەكاتەوە ‌و دەڵێن، ئەگەر لایەنی كوردی ئەو هەنگاوە بنێت، ئەوا سەپاندنی ئەمری واقعەو ڕەت كراوەیە، جەختیش دەكەنەوە لەوەی، پرسی ئاساییكردنەوەی كەركوك و دانانی پارێزگار دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن‌و دۆخەكە تا ئەو كات وەك خۆی دەمێنێتەوە.   
 
ئەندامێكی لیژنەی دانوستانكار لە پێكهاتەی عەرەب باس لەوە دەكات، لەگەڵ لایەنەكانی تر، ڕەشنوسێكیان بۆ گفتوگۆ ئامادە كردوە‌و چەند خاڵێكی كەم ماون كە پێویستە یەكلا بكرێنەوە، دواتر ڕەشنوسەكە لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دانوستانكارو سەرۆكایەتی وەزیران و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئیمزای لەسەر دەكرێت.
 

یەكێتی و پارتی دوای 21 مانگ لە مشتومڕو ناكۆكی، 11ی تەموزی ئەمساڵ بڕیاریاندا بە كاندیدكردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام دوای 2 مانگ لەوبەروارە، هەنگاوەكان سستن‌و تا ئێستا ڕون نییە ئاخۆ پرسی دەستنیشانكردنی پارێزگار و دابەشكردنی پۆستەكان پێش نیسانی ساڵی ئایندە، كۆتایی پێ دهێنرێت یاخود هەڵبژاردن دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.

1536 جار خوێندراوەتەوە