نزیكه‌ی مانگێكه ئاگرێكی به‌رفراوان له دارستانی ئه‌مه‌زۆرن (به‌رازیل) كه‌وتۆته‌وه، كه به‌هۆی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی ئه‌و ئاگره، هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژینگه‌ی جیهان دروست ده‌بێت و وڵاتان له هه‌وڵی به‌په‌له‌دان بۆ كۆنترۆڵكردنی، له هه‌موو لایه‌كیشه‌وه كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی حكومه‌تی به‌رازیل بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره باسی لێوه‌ده‌كرێت.
دارستانی ئەمازۆن ڕووبەرەکەی ٥ ملیۆن و 500 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشه‌یە، کە ئه‌و ڕوبه‌ره‌ش هه‌شتهێنده‌ی وڵاتێكی وه‌كو فه‌ره‌نسایه، كه 65%ی كۆی روبه‌ری وڵاتی بەرازیل پێكده‌هێنێت و چه‌ند به‌شێكی دیكه‌ی دارستانه‌كه ده‌كه‌وێته وڵاتانی کۆلۆمبیا و پیرۆ و ڵاتانی دیکەی كیشوه‌ری باشوری ئەمریکا.
ئەم دارستانە بە گەورەترین دارستان دادەنرێت لە جیهاندا و بەشی هەرەزۆری ئۆکسجینی جیهان بە ڕێژەی 20% دابیندەکات، لە هەر چرکەیەکیشدا ٢٠٨ لیتر ئاو ده‌ڕژێنێته ده‌ریاكانه‌وه، بەو پێیەی ساڵانە زیاتر لە (سێ مه‌تر و 65 سانتیم)باران لێی دەبارێت.
هەروەها زیاتر لە ٣ ملیۆن ڕووەک و ئاژەڵی جۆراوجۆر لەم دارستانەدا دەژین کە به‌هایه‌كی ئێجگار زۆریان بۆ مرۆڤایەتی هەیە و نیشتیمانی زیاتر لە ملیۆنێک خێڵی سه‌ره‌تایی و مرۆڤی دارستانەکانە.
لەم دارستانەدا به‌هۆی هۆكاری سروشتی و چالاكییه‌كانی مرۆڤ و وشكبونه‌وه‌ی ئاو و هه‌وا...هتد له وه‌رزه نیمچه وشكه‌كاندا ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌مساڵ به‌پێی ئاماره‌كان به‌رده‌وام رێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان و سوتانی روبه‌رێكی فراوانی دارستانه‌كه له‌زیادبوندا بووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه دوو هێنده‌ی ساڵی رابردوو ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان زیادیانكردووه.
ئەمەش مەترسیەکی ئێجگار گەورەیە بۆ سەر ئاو و هەوای جیهان به‌گشتی و بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە به‌تایبه‌تی، هەروەها سەدان ئاژەڵ بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە سوتاون و بەشێکی زۆری ئەم ئاگرکەوتنەوانه ویلایەتی ماتۆ گرۆسۆی بەرازیلی گرتووەتەوە، هەروەها ئاگرەکە ڕاندۆنیا و بۆلیڤیا و پارا ی گرتووەتەوە.
له كاردانه‌وه‌یه‌كی جیهانیدا بۆ ئه‌و ئاگره‌ی له دارستانی ئه‌مه‌زۆن كه‌وتۆته‌وه‌و هێشتا كۆنترۆڵ نه‌كراوه، فەرەنسا و ئێرلەندا و زۆربەی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێز ئیدانه‌ی سه‌رۆكی به‌رازیل ده‌كه‌ن كه كه‌مته‌رخه‌مبوه له هه‌وڵه‌كانیدا بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه، هه‌روه‌ها چه‌ند وڵاتێكیش پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه راگه‌یاند.
به‌ڵام جه‌یر بۆلسۆنارۆ، سه‌رۆكی بەرازیل، ئه‌و ره‌خنانه ڕەتدەکاتەوە كه ئاڕاسته‌ی كراون و كۆمپانیا بازرگانییه‌كان تاوانباردەکات، کە به‌رده‌وام بۆ قازانجی فراوانکردنی زەویەکانی خۆیان، بەشێکی ئەم دارستانە دەسوتێنن.
فەرەنسا و ئێرلەندا ڕایانگەیاند مامەڵەی بازرگانی بەرفراوان لەگەڵ وڵاتانی باشوری ئەمریکا دەوستێنن، هەتاکو بەرازیل هەوڵی راگرتنی ئاگرکەوتنەوەکە بە شێوەیەکی پێویست نەدات.
بەرازیل سوپایەکی بۆ یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەکان نارد تاکو کۆنترۆڵی ئاگره‌کە بدەن، هه‌روه‌ها وڵاتی ئه‌مریكاش فڕۆكه‌ی بۆینگی كه به‌تایبه‌ت بۆ كوژاندنه‌وه دیزاینكراوه خسته‌گه‌ڕ له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه.
ئەمساڵ ٧٤ هەزار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە بەرازیل ڕوویانداوە و بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکراوه لەچاو ساڵانی پێشتردا و دووەم حاڵەتی ترسناک لە ساڵی ٢٠١٦ تۆمارکرا کە ٦٨ هەزار و ٤٨٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرا.
4134 جار خوێندراوەتەوە