وتەبێژی حکومەتی هەرێم:دڵنیایی دەدەینە فەرمانبەران موچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 19/08/2019
کوردستان

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دڵنیایی دەدەنە فەرمانبەران کە موچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت و ئەولەویەتی حکومەتیش موچەی فەرمانبەران دەبێت.

 

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕییوە کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات و تێگەشتنی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەم نزیکانەش لیژنەکانی هەردوولا کۆدەبنەوە".


وتیشی "ئەو بڕە پارەیی کە حکومەتی بەغدا دەیبڕێت زۆر لە بەهای ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە زیاترە".

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد "فەرمانبەران دڵنیادەکەینەوە کە موچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت و ئەولەویەتی حکومەتیش موچەی فەرمانبەران دەبێت".

 

لە پرسیارێکی کەناڵی KNN دا وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی هەرێم داهاتی ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە ڕادەستی حکومەتی ناوەندی دەکاتەوە".

 

سەبارەت بە کاری حکومەتی نوێی هەرێم، جوتیار عادل ئاماژەی بەوەکرد "حکومەت هەوڵدەدات کاری وەزارەتەکان بکاتە ئەلیکترۆنی و ڕۆتین کەم بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەش چاوی لەسەر فەراهەمکردنی هەلیکارە بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەکی هاوسەنگ".

1929 جار خوێندراوەتەوە