هەرێم؛ شەش هەزار مامۆستای گرێبەست لە چاوەڕوانیی دامەزراندانی هەمیشەیدان

04:34 - 12/06/2019
کوردستان

سەرباری بوونی ژمارەیەكی زۆر مامۆستای وانەبێژ, لە ئێستادا زیاتر لە شەش هەزار مامۆستا لە قوتابخانەكانی هەرێم بەشێوەی گرێبەست، دەوام دەكەن و ئەو مامۆستایانە هۆشداریی دەدەنە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە بەوەی، گەر لەمساڵدا داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هەڵوێستی جدی وەردەگرن.

بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەش ڕایدەگەیەنن: هەموو ڕێكارە یاسایی و تەكنیكیەكانی بوون بە مامۆستای هەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بوە و لەكابینەی داهاتووی حكومەت ئەولەویەتی دامەزراندن بۆ ئەو مامۆستایانەیە.

لە هەرێمی كوردستان (6000) شەش هەزار مامۆستای گرێبەست  هەیەو چەندین جار رێپێوانیان كردووەو داواكاریی دامەزراندنی هەمیشەییان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزكردۆتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە  دەڵێت: بەڵێنیان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێنن.

بەگوێرەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، لە بووجەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم جێگەی دامەزراندنیان بۆ كراوەتەوەو هیچ بەربەستێكی یاسایی و تەكنیكی نیە لەبەردەم دامەزراندنیان.            

مامۆستایانی گرێبەست رایدەگەیەنن زیاتر لە چوار ساڵە بەگرێبەست وانە دەلێنەوە. دەشلێن گەر لە كابینەی نوێ‌ ئەولەویەتی دامەزراندن بۆ وەزارەتی پەروەردە نەبێت هەڵوێستی تر وەردەگرن.

ماوەی پێنج ساڵە ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی گرێبەست مانگانە بە مووچەیەكی كەم دەوام دەكەن و خزمەت بە پرۆسەی خوێندن دەكەن، بۆیە داوا دەكەن لە كابینەی نوێدا لەگرێبەستەوە بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

762 جار خوێندراوەتەوە