پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە رێككەوتن

04:46 - 24/05/2019
کوردستان

بەرپرسێكی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنوری میحوەری رۆژئاوای دیجلە، لەسەر چەند خاڵێكی ئەمنی و مرۆیی رێككەوتن.

لیوا هاشم سیتەیی، جێگری بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلەی هێزەكانی پێشمەرگە، راگەیاند: رێككەوتنی پێشمەرگە، لە رۆژئاوای دیجلە، لەگەڵ فیرقەی ١٥ی سوپای عێراقە، بۆ دابینكردنی ئاسایش و نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی و پاراستنی خەڵكی رۆژئاوای دیجلەیە بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە، هەروەها هەماهەنگی كراوە بە هاوبەشی روبەڕوی جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعش ببنەوە.

راشیگەیاند: لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە، رێگاكانی نێوان قەزای زوممار و ناحیەی رەبیعە لەگەڵ رێگاكانی سحێلا و دهۆك كراوەتەوە و هاوڵاتیانی سنورەكە بەبێ بونی هیچ كێشەیەك دەتوانن هاتوچۆ و كار و بارزگانی بكەن.

وتیشی، دوو لیژنەیان پێكهێناوە لە مانگێكدا دوو كۆبوونەوە یان زیاتر ئەنجامدەدەن، بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی خەڵك، زانیاری كۆبوونەوەكانیان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بە سەروی خۆیان دەگەیەنن.

246 جار خوێندراوەتەوە