حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، كە هێشتا دیار نیە كەی پێكدێت، یەكەم پرس كە ڕوبەروی دەبێتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ كەرتی نەوتدا، بژاردەكانیش زۆر نین و تەنها دوانن، سەربەخۆ فرۆشتی نەوت و بەردەوامی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و بەردەوامی پاشەكەوتی موچە و قەیرانی دارایی، یان گەڕانەوە بۆ پێش ساڵی 2014 و فرۆشتنی نەوت لەرێگای بەغداوە و وەرگرتنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، شارەزایەكی بواری نەوت پێیوایە هەرێم باجی گەورەتر دەدات و قەیرانی دارایی و ناشەفافی لەنەوتدا بەردەوام دەبێت ئەگەر هەرێم واز لە بەناو سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت نەهێنێت.
لەوكاتەوەی هەرێمی كوردستان بەبۆری نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات دوو جۆر سیاسەتی پەیڕەو كردوە، سیاسەتی فرۆشتنی نەوت لەرێگای بەغداوە و كۆمپانیای سۆمۆوە و سیاسیەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
ساڵی 2010 كاتێك بۆ یەكەمجار بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان كرایەوە و بۆ ماوەی 4 ساڵ و تاوەكو 2014 هەرێم لەرێگای بەغداوە نەوتەكەی دەفرۆشت و لەبەرامبەردا داهاتی ساڵانەی خۆی لە بودجەی عێراق وەردەگرت، لەم قۆناغەدا ئابوری هەرێم بوژانەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
لە قۆناغی دووەم كاتێك بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بریاریاندا نەوت سەربەخۆ بفرۆشن، هەرێم روبەروی چەندین قەیران بویەوە، كە دیارترینیان لەو كاتەوە تا ئێستا موچەخۆرانی هەرێم موچەی تەواو وەرناگرن و هەزاران پرۆژە راگیران و سەدان كۆمپانیا مایەپوچ بونی خۆیان راگەیاند و حكومەتەكەش كەوتە ژێر باری دەیان ملیار دۆلار قەرزەوە..
ئەوەی جێگای رەخنە و نیگەرانی شارەزایانی بواری نەوتە، ئەو ناشەفافیەتەیە كە لە دۆسیەی نەوتدا هەیە بەتایبەت لەوكاتەوە كە هەرێم سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت..
ئێستا كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتێكی نوێدایە، پرسی سیاسیەتی نەوتی هەرێم بابەتێكی گرنگە، كە ئایا ئەم حكومەتە بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت كە چەندین نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، یاخود بڕیار دەدات نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات و لەبەرامبەردا پشكی راستەقینەی هەرێم لە بودجە وەربگرێت، هەردوو ئەگەرەكە كراوەیە، بەڵام ئاماژەكان ئەوەیان لێدەخوێندرێتەوە كە بەرپرسانی هەرێم پێناچێت دەستبەرداری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت بن، بۆیەش چاوەڕێ ناكرێت ئەو قەیرانە دارایی و ئابورییەی روبەروی هەرێم بۆتەوە بەو ئاسانیە تێپەڕێنرێت.
383 جار خوێندراوەتەوە