دیاردەی دانان و بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەڤیدیۆی چەك و تەقەكردن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و لەلایەن بەشێك لە بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانەوە, چالاكانی قەزای چەمچەماڵ ناچاردەكات كەمپینێك لەدژی ئەو دیاردە ناشارستانیە رابگەیەنن.
قایمقامی قەزای چەمچەماڵیش دەڵێت: هەركەس هەوڵی ناشیرنكردنی چەمچەماڵ بدات ڕوبەڕوی دادگای دەكەنەوە و ڕۆشنبیران و چالاكانیش داوادەكەن میدیا و ناوەندە پەروەردەییەكان هاوكاربن لە بڵاوكردنەوەی مەترسیەكانی چەك و پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری تاكی كۆمەڵگا.
زیادبونی كێشە كۆمەڵایەتیەكان و بڵاوبونەوەی زیاتری دیاردەی چەكداری، ڕۆژنامەنوس و چالاكانی مەدەنی هێناوەتە دەنگ و بەو هۆیەوە كەمپێنێكیان ڕاگەیاند بەناوی چەمچەماڵ ناشرین مەكەن و وێنەی چەكەكانتان لابەن و وێنەی گوڵ دانێن لە پرۆفایلەكانتان. قائمقامی چەمچەماڵیش, دەڵێت: لەگەڵ داواكاری گشتی ئەو كەسانە دەدەن بە دادگا كە هەوڵی ناشرینكردنی چەمچەماڵ دەدەن.
ئاندامێكی كەمپینەكەش داوا لەڕێكخراوەكان دەكاتو بە كۆڕ و سیمینار هاوكاربن لە فراوانكردنی كەمپینەكە.
بە وتەی هەندێك لە نوسەران، میدیا ڕۆڵی خراپ دەبینێت لە ناشرینكردنی شارەكە و مامۆستایەكی زانكۆش بە پێویستی دەزانێت پێش هەر شتێك لە ڕێگەی ناوەندەكانی خوێندنەوە كار بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردە ناشارستانیە بكرێت و زیانەكانی بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆی چەك و شێوازەكانی بەكارهێنانی بۆ كۆمەڵگا ڕونبكرێتەوە.
سەرباری سەروەرنەبونی دادگاكان و نەبونی سزایەكی توند بەسەر ئەو كەسانەی كە چەكی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن, لە ماوەی ڕابردووشدا بەخشینەوەی ژمارەیەكی زۆر چەك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەنی هەرێمەوە, دیاردەی چەكداری بەربڵاوتركردوەو وایكردوە ژمارەیەكی زۆر چەك لەناو خەڵكدا بڵاو ببێتەوەو بەشێك لەو كەسانەش بەشانازیەوە وێنەی چەكە جۆراوجۆرەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاو دەكەنەوە.
1867 جار خوێندراوەتەوە