هێمن هەورامی بۆ KNN: لەگەڵ گۆڕان خاڵی هاوبەشمان لە خاڵی ناكۆك زیاتر بوو

KNN : Kurdish News Network
08:08 - 19/12/2018
کوردستان
+
-

سلێمانی؛ وەفدی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە 
ڕاگەیاندراوی گۆڕان و پارتی: كۆبونەوەكەمان لە كەش و هەوایەكی بەرپرسیارانەدا بوو
عەلی حەمەساڵح: كارنامەی حكومەت ئەولەویەتی گفتوگۆكانمان بو لەگەڵ وەفدی پارتی


وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی گەڕانەوە هەولێر، بەوتەی ئەندامێكی وەفدەكەی پارتی، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان خاڵی هاوبەشیان زۆر زیاتر بوە لە خاڵی ناكۆك، بەشداربویەكی كۆبونەوەكەش لە بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەولەویەتی گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی كارنامەی حكومەت و چاكسازی بوە.

كۆبونەوەكە لە كەش و هەوایەكی بەرپرسیارانە و بەئومێدی كاركردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، ئەمە چەند دێڕێكە لە راگەیانداوە هاوبەشەكەی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسلێمانی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كۆبونەوە.

كۆبونەوەكە زیاتر لە دوو كاتژمێر بەردەوام بوو.
هێمن هەورامی، ئەندامی شاندی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە KNN وت، كۆبونەوەكە زۆر باش بوە و لەگەڵ وەفدی گۆڕان دیدی هاوبەشیان زۆر زیاتر بوە لە خاڵی ناكۆك.

هەورامی، وتیشی، ئاساییە پێكهێنەرانی حكومەت رێكەوتنی سیاسیش بكەن، بەڵام نابێت ئەو رێكەوتنە رێگر بێـ لە پێكهێنانی حكومەت.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی وەفدی گۆڕان لە كۆبونەوەكە بۆ KNN ئاشكرایكرد، كە ئەولەویەتی گفتوگۆكانیان لەگەڵ وەفدەكەی پارتی، كارنامەی حكومەت بوە.

ئەو ئەندامەی وەفدی گۆڕان تەئكیدیشی كردەوە، ئەنجامی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ وەفدی پارتی دەبەنەوە جڤاتی نیشتیمانی و لەوێ‌ بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

وەفدی پارتی پرۆژە و دیدی خۆیان گەیاندە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی و بە دید  و پرۆژەی ئەو دوو هێزەشەوە گەڕانەوە هەولێر، واشبڕیارە كۆبونەوەكان بەردەوامیان هەبێت.

بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەت و كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە، سبەینێ‌ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و رۆژی شەممەی داهاتوش جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە لەسەر هەمان پرس كۆدەبێتەوە.

2196 جار خوێندراوەتەوە