یەكێتی داوای رێككەوتنی دوو قۆڵی لەپارتی دەكات لەسەر ئاستی عێراق ‌و كەركوك ‌و هەرێم

KNN : Kurdish News Network
07:55 - 18/12/2018
کوردستان
+
-

یەكێتی و پارتی لەیەكەمین كۆبونەوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ نەگەیشتنە رێككەوتن
پارتی بۆ یەكێتی: پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە پۆستەكانی كەركوك و بەغداوە نیە
سبەینێ‌ وەفدی پارتی لەسلێمانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە


كۆبونەوەی دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتی لەسلێمانی بێ‌ ئەنجام كۆتایی هات، KNN وردەكاری كۆبونەوەكە و داواكاری هەردولا بڵاودەكاتەوە، سبەینێش وەفدەكەی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات.

ئەمە ساتی چاوەڕوانی ئەندامانی وەفدی یەكێتیە لەچاوەروانی گەیشتنی وەفدەكەی پارتیدا.

كۆبونەوەكە یەكەمین كۆبونەوەی  ڕەسمی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەریم بوو، ئەگەر چی وابڕیاربوو كە كۆبونەوەی نێوان وەفدی یەكێتی ‌و پارتی كۆبونەوەیەكی درێژخایەن بێت و بەدرێژی رۆژ گفتوگۆی تێرو تەسەل بكەن لەسەر پرۆژەكانیان، بەڵام دوای دوو كاتژمێر كۆبونەوەكە كۆتاتهات و راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.

راگەیاندراوەكە هیچ وردەكارییەكی تێدا نیە و تەنیا وتراوە كە هەردولا بەراشكاوانە گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێك كردووە یەكێك لەوانە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بووە، لەكۆتاشیدا نوسراوە بەمنزیكانە جارێكی تر كۆدەبنەوە. 

بەپێی زانیاریەكانی KNNكۆبونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامی نەبووە چونكە ئەوەی پارتی گفتوگۆی لەبارەوەكردووە ئەو نەخشە ڕیگایەیە كە بۆ كابینەی نوێ ئامادەیكردووە كەتێدا باس لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكات بەڵام یەكێتی داوای لە پارتی كردووە كە بەر لەهەمو شتێك پێویستە ریككەوتنێكی دوقۆڵی لەنێوانیاندا هەبێت.

ئەندامێكی وەفدی یەكێتی بە KNN ڕاگەیاند: یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا داوایكردوە لەسەر پۆستەكانی بەغداد ، كەركوك و هەرێم وەك یەك پاكێج رێككەوتن بكرێت، چونكە هێشتا لەبەغداد پشكی كورد یەكلانەكراوەتەوە و لە سەر ئاستی كەركوكیش پۆستی پارێزگار یەكلانەبۆتەوە.

یەكێتی داوایكردوە دوای رێكەوتن لەسەر بەغدا و كەركوك،بێنە سەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دابەشكردنی پۆستەكان..  

سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی ئەندامێكی وەفدی دانوستانی پارتی بەیKNN ڕاگەیاند، ڕێككەوتنی مەبدەئیی نیوان هەردولامانبوو تا كۆبونەوەكانی داهاتوو هیچ وەردەكاریەك باس نەكرێت لەو كۆبونەوانەی دەكرێت بەڵام ئەوەی ئێمەی  تێگەیشتین لەوەفدی یەكێتی ئەوەیە یەكێتی دەیەوێت پۆستەكانی بەغداد ‌و كەركوك ‌و هەرێم تێكەڵ بكرێت ئێمەش بۆچونی خۆمان پێ ڕاگەیاندن كەئێمە پۆستەكانی بەغداد ‌و كەركوك بەدو شتی جیاواز دەزانین ناكرێت وەك یەك پاكێج سەیر بكرێت.

سەرئەنجام بەهۆی نەگەیشتن بەرێكەوتن و جیاوازی دیدی هەردولا بۆ پرسەكان كۆبونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، ئەوەی ماوەتەوە لەم چەند رۆژەدا كە وەفدی پارتی لەسلێمانی دەمێنێتەوە، هەردولا شەن و كەوی پرۆژە و دیدی یەكتر دەكەن و وەلامیان بۆ یەكتر دەبێت.

وەفدەكەی پارتی كە ئێستا لەسلێمانین، سبەینێ‌ سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و پرۆژەی خۆیان پێشكەشی بزوتنەوەكە دەكەن، ئەوەی كە چاوەڕێ‌ دەكرێت بەپێچەوانەی كۆبونەوەكەی پارتی و یەكێتی كە تەوەری سەرەكی پشك و پۆستەكان بوە، لە كۆبونەوەكەی گۆڕان و پارتیدا تەوەری سەرەكی كارنامەی حكومەت دەبێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بە KNN وت، پێش هەر شتێك بەلایانەوە گرنگە بزانن كارنامەی ئەو حكومەتە بۆ باشكردنی بژێوی و گوزەرانی خەڵك چیدەبێت، وە ئەگەر گۆڕان بەشداری ئەو حكومەتە بكات، بە پرۆژەكانی چاكسازییەوە بەشداری دەكات، كە ماوەی دە ساڵە كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكات.

6062 جار خوێندراوەتەوە