پارتی و یه‌كێتی: كەش‌و هەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە بوون

KNN : Kurdish News Network
02:07 - 18/12/2018
کوردستان
+
-

كه‌مێك پێش ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌ سلێمانی كۆتایی هات.

 

نێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18-12-2018 وەفدی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گەیشتە سلێمانی و لە مەكتەبی سساسیی یەكێتی لەگەڵ ئەو حزبە كۆبۆوه‌ كه‌مێك پێش ئێستاش كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كۆتایی هات و تێیدا راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.

 

بەپێى راگەیەندراوەکه‌؛ ئەمە یەکەم کۆبونەوەى شاندى دانوستانکارى هەردوولا بووەو کۆبونەوەکەش بە راشکاوانە و بەرپرسیارانە و دۆستانە ناوبراوە و تێیدا هاتوە: "كەش‌و هەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە، بەرپرسیارانە‌و دۆستانە بوون، تێدا بیرو بۆچوونی هەردوولا حزب ئالوگۆركرا، لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و هەرچی زیاتر هەماهەنگی بۆ بەهێزتركردنی دامەزراوە دەستوریی‌و یاسایی‌و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان‌و خزمەتی زیاتری گەلی كوردستان‌و هەنگاونانی جددی بۆ كاری پێكەوەیی".

 

هاوكات په‌یامنێری KNN رایگه‌یاند: سبه‌ی كاتژمێر 11 له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران و مه‌كۆی سه‌ره‌كی له‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌؛

راگەیەنراوی هاوبەشی 
هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ئەمرۆ ( 18/12/2018) وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، یەكەم كۆبوونەوەی گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردن‌و بابەتە گرنگەكانی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە ئەنجام درا.

 

كەش‌و هەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە، بەرپرسیارانە‌و دۆستانە بوون، تێدا بیرو بۆچوونی هەردوولا حزب ئالوگۆركرا، لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و هەرچی زیاتر هەماهەنگی بۆ بەهێزتركردنی دامەزراوە دەستوریی‌و یاسایی‌و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان‌و خزمەتی زیاتری گەلی كوردستان‌و هەنگاونانی جددی بۆ كاری پێكەوەیی. 

 

هەردوولا جەختیان لەبەردەوامی كۆبونەوەكان كردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێ‌.

1390 جار خوێندراوەتەوە