بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كات

KNN : Kurdish News Network
06:10 - 27/05/2019
کوردستان
+
-

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵأوكرده‌وه‌ تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بەسەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم رووەوە كەركوك و خانەقین و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بوون.

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، روخانی قەڵای رەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بوو، بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان داوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكەمان، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان.

بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە دۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و مەترسییەكانی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكەدا.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست...

خەڵكی كوردستان و بەشێكی گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاش ئەو راستییە دەزانن، كە میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بەسەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم رووەوە كەركوك و خانەقین و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بوون.

 

روخانی قەڵای رەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بوو، بۆ گەلانی زوڵم لێكراوی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی خاك و مافی گەلانی كورد و توركمان و كلد و ئاشور و پێكهاتەی شیعە لە خواروی عێراق، لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

 

بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە، بەهۆی بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی دەسەڵاتدارانی حكومەتی فیدراڵی لە عێراق و بەفشار و هاوكاری و پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەكە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە نەبوونی گوتاری یەكگرتوو و یەكهەڵوێستی سیاسیی كورد لە بەغداد و ناوچە جێناكۆكەكان و دروستنەبوونی هەرێمێكی یەكگرتوو و حكومەتێكی نیشتمانی و هێزێكی نیشتیمانی و ئابورییەكی نیشتمانی لە كوردستان و سەرقاڵبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، هۆكارێكی تری سەرەكی بوون، بۆ بێمنەتی بەغداد و خۆدزینەوەیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و مافە دەستورییەكانی تری خەڵكی كوردستان.

 

سەرەنجام بەهۆی نەبوونی وتاری یەكگرتووی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و هەڵوێستی سیاسی جیاواز و ناواقیعانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڵوێستی جیاوازیان لە كاروباری ئەمنی و سەربازی و هتد.. هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات، بەم جۆرە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا، كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن ، ئەمجارە لەسەر دەستی زوڵم لێكراوەكانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەكانی ئەمرۆی عێراق.

 

هاونیشتمانیانی بەڕێز... 

 هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، هەڕەشە و مەترسی ئەوەی لەسەرە، ببن بە مەیدانی جەنگێكی مەترسیدار و وێرانكەر، كە بێگومان لێكەوتەكانی زیانی ئابوری و سیاسی زۆرقورسیان دەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە.

لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكەمان، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان.

 

بزوتنەوەی گۆڕان 
27/5/2019

4698 جار خوێندراوەتەوە