پارتی بۆ ئەمەی دژ بە ئێمە کرد؟

ئەمڕۆ ھەڵمەتێکی بێویژدانانە ھەیە لەسەر ئێمە، بەشێکی لە نائاگایی و بەشێکی تری بە ئاگاییەوە دەیەوێ ببێتە بەشێک لە سیناریۆکەی پارتی.

ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەماندا کرا بە پلەی یەکەم بۆ دژایەتی و لێدانبوو لە کەسایەتی ئێمە، ئەمەش باجی ھەڵوێست و چەند کارێکی ئێمەبوو لە چەند مانگی پێشتردا بە ئاڕاستەی چاکسازی و شەفافیەت وەک ئەرکی خۆمان ئەنجامماندا.

بەشاھیدی مامۆستا عەبدولستار مەجید، لە چەند ڕۆژی رابردودا ھەم ئێمە و ھەم خانەی ڕاپەڕاندن ھەوڵماندا ئەم بابەتی ھەڵگرتنی پارێزبەندیە نەھێندرێتە پەرلەمان، بەڵام دیاربوو پارتی سورە لە سەر ھەڵوێستی خۆی!

دواتر زۆر بەڕوونی وتوومانە: ئەگەر پارێزبەندی وەردەگیرێتەوە فەرموون لە ھەموی وەربگرنەوە، ئێمە نابینە بەشێک لە سیناریۆیەکی خراپ.

نیوەی ئەوانەی بڕیاربوو پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە، بەبڕیاری پارتی دەرھێندران و نەخرانە بەرنامەی کار، ئەگەر ئێمە ڕێککەوتنی ژێر بەژێرمان ھەبوایە یان بچوکترین تەنازولمان کردبا، ناوی ئێمەش دەردەھێندرا..

تەنانەت ویستیان ناوی شیرین ئەمین دەربکەن، بێمنەتانە وتی: ناوم دەرمەھێنن و منەتیشم نیە پارێزبەندیم لێوەربگرێتەوە.

ئەمەی پارتی؛ بۆدروستکردنی ناکۆکی نێوان ئێمە و کۆمەڵ و دروستکردنی چەندین گومان و پرسیارە، کە دەبێ لای هەمو کەسێكی هۆشیار یاریەکی ئاشکرا بێت، بەڵام خۆشبەختانە سۆران عومەر جوامێرانە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ئاشکرایکرد کە ئەوە چ یاریەکی قێزەونە.

دوو ڕۆژە زۆر بەڕوونی بە پارتیمان وتوە: ئەگەر ئامانجتان شکاندنی ئێمە نیە، بێ منەتین و پارێزبەندی لە ئێمەش وەربگرنەوە، بەڵام دیارە سوربون لەسەر بڕیاری خۆیان، وەک ئەوەی چەند ئامانجێکیان ھەبێت.

یەک: بیانەوێت ئێمە لەبەردەم رای گشتیدا بشکێنن.

دوو: چاوشکێنمان بکەن بۆ ئەو ھەڵوێست و دۆسیانەی چوار مانگە ئیشی لەسەر دەکەین.

سێ: نیگەرانی پارتی لە نزیکبونەوەی گۆڕان و یەکێتی، کە ئێمە باوەڕمان بەم نزیکیە ھەبوەو پشتیوانیمان کردوەو بەکارێکی دروستمان زانیوە.

بەڵێ ئێمە زۆر بەڕوونی چی گەندەڵی نەوت و سەرجەم خاڵی سنوری و بانک و کۆمپانیاکانمان دیاری کردوە، کە پێشوتر ئەم وردەکاریە نەکرابوو، وتومانە چۆنە و کێ دەیکات.

زۆر بەڕونیش وتومانە: گۆڕان دەبێت بە ڕێککەوتن و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە، ناکرێت ئێمە لەم حکومەتەدا بەشداربین و ئەم گەندەڵی و تاڵانیە ھەبێت و چارەسەریش نەکرێت، ھەر بگوترێت بڕیاردراو جێبەجێنەکرا! گۆڕان و خەڵکی کوردستانیش زەرەر مەندن لەم شێوە بەشداریە.

زۆر بەدڵنیایی پاش ئەو سیناریۆ ناشرینەی ئەمڕۆ کرا، ھەڵوێست و قسەی ئێمە لەمەودوا شتێکی دیکە دەبێت.

ھەرکەسێکیش بیەوێت زیاتر لە بارەی ھەڵوێستەکانی ئێمە دڵنیابێت، ھیواداراین بەبێ بڕیاری پێشوەخت پرسیاری ھەڵوێستی ئێمە لە پەرلەمانتاران و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکات.

ئێمە لە دژایەتی ئەو ئەجێندا مەترسیدارانە بەردەوام دەبین.

2794 جار خوێندراوەتەوە