كێ شاگردی پارتیەو کێ دژی زوڵمەکانیەتی؟


کاتێک ئێمە لە ساڵی (2018)ەدا لە زاخۆوەو بۆ دھۆک و لە دھۆکەوە بۆ شیلادزێ و قەزای سۆران جوڵەمان دەکرد و پەلامار دەدراین، خەڵکی دیکە سەرقاڵی شەریکە دزی بون لەگەڵ پارتی!!

کاتێک ئێمە لەسەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و پۆستەکەی بارزانی لە پەرلەمان پەلامار دراین، خەڵکی تر دەیوست سەفقەی ژێر بەژێر بکات لەگەڵ پارتی !!
ئەوە ئێمەین ھەرچی گەندەڵی برایم خەلیل و حاجی ئۆمەران و سمێلکایە ئاشکرامان کرد!

ئەوە ئێمە بوین دو خاڵی سنوری قاچاخمان لە سنوری شیروان مەزن و وەلید ئاشکرا کرد، بەڵام ئەوە جێگری حوکومەتەکەی ئێوە بو ئامادەنەبو بە دێڕێک باسی بکات، ئەوە سەرۆک پەرلەمانەکەی ئێوەیە نەیتوانی دۆسیەی خاڵە سنوریەکان بخاتە بەرنامەی کار..

ئێمە بوین ھەرچی درۆی ئابوری سەربەخۆ و دزی نەوت و قازانجی بانکەکانی بەرپرسانی زۆنی زەردمان ئاشکرا کرد، ئێوەن بۆ کەمێک پارەی نەوت و قاچاخی بون  چەندین ساڵە شەریک و داردەستی حوکمڕانی پارتین..

ئەوە ئێمەبوین، لەبەر جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتن و دژی ئەم شێوازە بەشداریەی حکومەت ئیمزای پرساندنی سەرۆکی حکومەتمان کردو دواتریش لە ئەندامی جڤات کشامەوە، ئێوەبون متمانە و دەنگتان پێدایەوە.
ئەوە ئازایی نیە لە سلێمانی قسە بە پارتی بڵێیت، لێرەش سەرۆک پەرلەمانەکەتان پەرلەمان بۆ پارتی دابخات. جێگری سەرۆک حکومەتیش لە مەڕ گەندەڵی و تاڵانی نەوت قسەیەکی نەبێت، تەنانەت ساڵێک و پێنج مانگە ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز کۆنەبەتەوە، دێڕێکی نەوتوە!!!

لە دوێنێوە سەدان سایت و پەیجتان بۆ دژایەتی ئێمە خستوەتە کار، لە مەڵبەندێک ھەرچی کادرە کۆتان کردوەتەوە بۆ ئەوەی بوختان و جنێو بنوسن، تەنیا لەسنوری ئەو قەزایە (93) پۆست لەسەر ئێمە کراوە، ھەرچی سایت و پەیجی باڵەکانتانە دژی ئێمە یەکی گرتوە.

نوسینیان بۆ ھەرچی سایت و پەیجی یەکێتی ناردوە، دژی من بڵاوبکرێتەوە.... چەندین رۆژنامەنوسیان ھانداوە دژی من بنوسێت!
تاوانی ئێمە ئەوەیە لە پاڵ دزی و گەندەڵی پارتیدا باسی ئێوەش دەکەین، ئێوەش ئەوەندە باوەڕتان بە ئازادی ھەیە، خەڵک رەخنە لە خۆتان نەگرێت و پێتان نەڵێت: قاچاخچێتی دەکەن و زەوی داگیردەکەن، بەشێکی داھاتی سلێمانی دەبەن!
ئەوەی لە تەنیشت پارتیدا تاوانبارە ئێوەن!
ئێوە ریفراندۆمتان لەگەڵ پارتی کرد و نیوەی خاکتان دۆڕاند!
ئێوەبون لە خۆشی پۆستی جێگرێکی بێدەسەڵات (12)ى شەو ئەنجامی ھەڵبژاردنتان بۆ پارتی پەسەندکرد و کردتانە خاوەنی (57) کورسی پەرلەمان..

جیاوازی ئێوەو پارتی چیە، کە منداڵ دەکوژن لە سەر داواکردنی نان، چالاکوانەکان دەخەنە سوچی زیندان..

من تەنیام و دەشزانن کەسوکارم ھەموی لە پارێزگای سلێمانیە، ھەزاران کادر و موچەخۆرتان ھەیە لە سنوری ھەولێر، بەڵام فەرمو خۆپیشاندان رابگەیەنن من لە پێشتان دەبم.

لە بری دروستکردنی تۆمەت بۆمن ! خەمێکی پارێزگای سلێمانیتان بێت، بزانن رێژەی دانیشتوان بۆ بوە بە (٣٦٪)‏ و بۆچی لە (475) ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە (43) ھەزاری لە سلێمانیە و کێڵگە نەوتیەکان بەرھەمیان نیە! بزانن بۆ پڕۆژە ستراتیژیەکانی وەبەرھێنان نایەتە سلێمانی! ناشپرسن چۆن بەھۆی گرێبەستی خراپ داھاتی غازی سروشتی قادر کەرەم سفرە!!

ئیدی رونە کێ شاگردی پارتیە و کێ ئازایانە دژی چەوتیەکانی حوکمڕانیە

687 جار خوێندراوەتەوە