تورکیا جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە؟

تورکیا جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە؟

رۆڤان سەروەت
دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بیرۆکەی جێگرەوەی ئەمریکا لەناوەندی سیاسیی و میدیایی عێراق و تورکیا و ناوچەکە بووەتە پرسی ڕۆژەڤ. بەتایبەت ئەوەی تورکیا ببێتە جێگرەوەی ئەمریکا لە عێراق، خوێندنەوەیەکی ڕووکەشانەیە بۆ هاوکێشەی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بەتایبەتی. 

«واشنتن» و «ئەنقەرە» نە هەمان ئامرازیان هەیە و نە بەدوای هەمان ئامانجیشدا دەگەڕێن؛ بۆیە ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات پڕکردنەوەی بۆشاییەکی ستراتیژی نییە، بگرە داڕشتنەوەی نەخشەی هەژموون و هاوسەنگیی هێزەکانە.

کۆتایهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق نابێت وەک چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لێکبدرێتەوە. ئەمریکا عێراق جێناهێڵێت، بەڵکو شێوازی ئامادەبوونی خۆی لە هێزی سەربازیی ڕاستەوخۆوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی، دیپلۆماسی و ئابووریی درێژخایەن. هەژموونی ئەمریکا پشتی بە سیستەمی دارایی جیهانی، تەکنەلۆژیا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەستووە، کە هیچ هێزێکی هەرێمی ناتوانێت بەتەواوی شوێنی بگرێتەوە.

لە بەرامبەردا، تورکیا تەنها وەک هێزێکی سەربازی مامەڵە لەگەڵ عێراق ناکات، بگرە تۆڕێک لە بەرژەوەندیی ئاڵۆزی دروستکردووە. قەبارەی بازرگانیی نێوانیان نزیکەی ١٧ ملیار دۆلارە و سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن. لە پاڵ ئەمانەشدا، پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" خەریکە دەبێتە بڕبڕەی پشتی ئەم پەیوەندییە، کە عێراق وەک پردێک بۆ گەیاندنی کەنداو بە ئەوروپا بەکاردەهێنێت. پرسی ئاو، وزە و ئاسایشی سنوورەکانیش، وایان کردووە هەژموونی تورکیا ڕاستەوخۆ گرێدراوی ژێرخانی ئابووری و جوگرافیای عێراق بێت.

هەرچەندە تورکیا لە ڕووی ئەمنییەوە (بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان) دەستکراوەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی پێگەی زلهێزێکی وەک ئەمریکا بگرێتەوە. عێراق گۆڕەپانی ململانێی چەندین هێزە، بەتایبەت ئێران کە ڕکابەرێکی سەرسەختی تورکیایە. قەبارەی سەرکەوتنی تورکیا بەندە بە توانای خۆی لە گۆڕینی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا، بەبێ ئەوەی هاوسەنگیی هێزە هەرێمییەکانی تر تێکبدات.

هەرێمی کوردستان دەکەوێتە چەقی ئەم گۆڕانکارییانەوە. هەر دابەشکردنەوەیەکی نوێی هەژموون لە نێوان ئەمریکا، تورکیا و ئێراندا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش، ئابووری و پرسی نەوتی هەرێم دەبێت. لەم قۆناغەدا، سەلامەتیی پێگەی کورد تەنها بەوەوە نابەسترێتەوە کە کێ هێزی یەکەمە لە ناوچەکەدا، بەڵکو پەیوەستە بە توانای هەولێر بۆ خوێندنەوەی دروستی ململانێکان و دروستکردنی باڵانسێکی وردی دامەزراوەیی لەگەڵ بەغدا، ئەنقەرە و واشنتن. پڕۆژە هاوبەشەکانی ئایندە، وەک ڕێگەی گەشەپێدان و هەناردەکردنەوەی وزە، دەرفەتن بۆ ئەوەی هەرێم خۆی بکاتە بەشێکی جیانەکراوە لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی هەرسێ لا.

ئەوەی لە داهاتووی عێراقدا دەیبینین، سڕینەوەی هێزێک و جێگرتنەوەی نییە لەلایەن هێزێکی ترەوە. عێراق بەرەو سیستەمێکی فرەجەمسەری دەڕوات کە تێیدا ئەمریکا وەک چەترێکی ستراتیژی و دیپلۆماسی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا تورکیاش وەک کارەکتەرێکی سەرەکیی ئابووری و ئەمنی ڕۆڵی خۆی فراوانتر دەکات. ئەمەش هاوکێشەیەکی پێکداچووە کە تێیدا هێزەکان زیاتر لە ڕێگەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە کارلێک دەکەن، نەک ئەوەی یەکێکیان بەتەواوی شوێنی ئەوی تریان بگرێتەوە.

116 جار خوێندراوەتەوە