سیستەمی پەروەردە و پڕۆسەی راهێنانی مامۆستایان
نووسینی: ئومێد حەسەن
بۆچی سیستەمی پەروەردەی هیچ وەلاتێك، بۆ وەلاتێكی تر ناگونجێت؟ چونكە دۆخی ئابووری و كۆمەلایەتی هیچ وەلاتێك، وەكوو ئەوی تر نییە، چونكە گەلان لە ڕووی نەریت و كولتوورەوە لە یەكتر جیاوازن. وەلاتان دەتوانن سود لە ئەزموون و سیستەمی یەكتر وەربگرن، بەلام هەر چەند هەول بدەن، ناتوانن سیستەمێكی هاوردەكراو وەكوو خۆی جێبەجێ بكەن. ناونانی سیستەمی پەروەردەی هەرێم، ڕۆژێك بە سوێدی و ڕۆژێك بەریتانی و ژاپۆنی، بیدعەیەكە لە داهێندراوی خۆمان.
ئەزموونی وەلاتانی پێشكەوتووی وەك ئیستۆنیا، سەنگاپور، كۆریای باشور، ئەلمانیا و تەواوی وەلاتانی ئەسكەندەفیا (كە پێشەنگی وەلاتانن لە بواری پەروەردەدا) پێمان دەلێت، گرنگیدان بە ڕاهێنانی مامۆستایان بە یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی سەركەوتنی هەر سیستەمێكی پەروەردە دادەنرێت. ئەوەی كە فینلەندا و ئیستۆنیا ڕیزبەندی یەكەمیان گرتووە، بە پلەی یەك بەهۆی ئەوەوەیە، كە وەبەرهێنانی باشیان لە ڕاهێنانی مامۆستایاندا كردووە.
ئەوەی كە چەند ساڵێكە حوكوومەتی هەرێم گرنگی بە ڕاهێنانی مامۆستایان دەدات، وەكوو بنەما خراپ نییە، بەلام پڕۆسەكە خۆی پڕە لە كەموكووڕیی، مامۆستایان بە چەند وانەیەكی ڕاهێنەر، نابن بە مامۆستای ڕاهێنراو، بە تایبەت كە هێشتا بەشێكی زۆر لە ڕاهێنەران، خۆیان پێویستیان بە ڕاهێنانی زیاتر هەیە. پێویستە ڕاهێنان وەك پڕۆسەیەكی فراوانتر لە سەردانیكردنی ڕاهێنەر بۆ قوتابخانە تەماشا بكەین و كورتی نەكەینەوە لە گوتنەوەی چەند وانەیەك لە لایەن ڕاهێنەرانەوە. ڕاهێنان تەنها ئاشناكردنی مامۆستایان نییە بە ڕێگاكانی وانەگوتنەوەوە، بەلكوو ئاشناكردنیانە بە چۆنییەتی سودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەردەمیش، وەلێ (ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا) بەبێ دابینكردنی پێداویستییەكانی وەك كارەبا و كۆمپیوتەر و هێلی ئینتەرنێت و داتاشۆ و پێداویستییەكانی دیكە، وەكوو ئەوە وایە هیچمان نەكردبێت. بۆیە گرنگیدان بە ژێرخانی پەورەردەیش، هەر دەچێتە خانەی خزمەتكردن بە پڕۆسەی ڕاهێنانەوە.
لە هەموو ئەو وەلاتانەی لە بواری پەروەردەدا پێشكەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناوە، هەبوونی بڕوانامەی ماستەر بۆ مامۆستا مەرجێكی یاساییە و دەبێت مامۆستا بڕوانامەی ماستەری هەبێت، ئینجا بۆی هەیە وانە بلێتەوە!
بەدەستهێنانی هەردوو بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەر لە هەر یەك لەم وەلاتانەدا، پێنج بۆ شەش سالی خوێندنی زانكۆی پێویستە. خوێندكار دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ، ساڵ و نیوێك بۆ دوو ساڵ ڕاهێنانی پڕاكتیكی پێ دەكرێت، لە ماوەی ئەم دوو سالەدا (سەشت كۆرێدی پەروەردەیی) كە دەكاتە هەزار و هەشتسەد كاتژمێر، بەس (ڕێگاكانی وانەگوتنەوە و دەروونناسی) دەخوێنێت، دوای بڕینی هەموو ئەو قۆناغانە ئینجا دەتوانێت ببیت بە مامۆستا.
لە ئەلمانیا و نەمسا و سویسڕادا، مەرجە مامۆستا لە یەك كاتدا پسپۆری دوو بابەتی جیاواز، بۆ نموونە (بیركاری و فیزیا) بێت و بەبێ بوونی ئەم مەرجە، كەس وەكوو مامۆستا، دانامەزرێت! وەلاتانی وەكوو كەنەدا، هۆلەندا و بەریتانیا، چەندە گرنگیی بە توانای زانستی و بڕوانامەی ئەكادیمیی دەدەن، ئەوەندە و زیاتریش گرنگیی بە لایەنی ئاكار و ڕەوتاری مامۆستا دەدەن و بۆ ئەمەش قورسترین مەرجیان داناوە. بەر لەوەی دەرچوویەكی زانكۆ وەكوو مامۆستا دابمەزرێنن، پشكنینی تووندی بۆ دەكەن، تەنانەت بۆ دلنیابوونەوە لەوەی كەسەكە بۆ نموونە ڕەگەزپەرست، یان خاوەن بیروباوەڕی توندڕۆ و ڕەوتاری نەشیاو نییە. لە رێی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە سەیری ئەو پۆست و نووسینانەیشی دەكەن، كە لە سۆشیالمیدیا و تۆڕەكۆمەلایەتییەكاندا بڵاوی كردوونەتەوە!
*نموونەی ئەم وەلاتانەم بۆیە هێنایەوە، تا بلێم، ڕاهێنەر بەتەنها ناتوانێت ئاستی زانستیی مامۆستایان بەرز بكاتەوە، توندوتۆلكردنی مەرجەكانی بوون بە مامۆستا ڕیگا دروستەكەیە.
97 جار خوێندراوەتەوە