پەروەردەی ئێمە و زمانی كوردی

پەروەردەی ئێمە و زمانی كوردی 

وەڵاتانی ئەوڕووپا پێوەرێكیان بۆ دیاریكردنی ئاستەكانی زمان داناوە، كە خۆی لەشەش ئاستدا دەبینێتەوە، بەپێی ئەو پێوەرە، مەرجە ڕادەی شارەزایی مامۆستا لە زمانی دایكیدا، لە بەرزترین ئاستدا بێت. بۆیە ئەوی لە تاقیكردنەوەی لێهاتوویی زماندا، بە ئاستێكی بەرز دەرنەچێت، با بڕوانامەی ماستەریشی هەبێت، ڕێگەی پێ نادرێت وانە بلێتەوە. زمان ئامرازی گواستنەوەی زانستە و مامۆستا هەر چەندە لێهاتوویش بێت، ئەگەر زمانەكەی پوخت و پاراو نەبێت، نە دەتوانێت تێرمە زانستییەكان بەڕوونی بە خوێندكاران بگەیەنێت، نە لە شیكردنەوەی دەقە زانستی و ئەدەبییەكانیشدا سەركەوتوو دەبێت. وەڵاتانی خاوەن سیستەمی پەروەردەی پێشكەوتوو، چونكە زمان وەكوو پێوەرێكی سەرەكی بۆ توانا و لێهاتووییی مامۆستایان سەیر دەكەن. كردوویانە بە مەرجێكی بنەڕەتیی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆدا.

وەزیر و بڕیاربەدەستانی هەردوو وەزارەتی پەرورەردە و خوێندنی باڵا، چونكە لە بەهای زمان تێناگەن، نەك نەهاتوون بەرزیی ئاستی زمانی كوردی، بكەنە مەرجی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و وانەگوتنەوەی مامۆستایان لە خوێندنگەدا، تەنانەت لەژێر فشاردا بڕیاری (هەژماركردنی ئارەزوومەندانەی زمانی كوردی)یان، هەلوەشاندەوە، كە بەپێی بریارەكە ئەو خوێندكارانەی نمرەی بەرزیان دەهێنا، بۆ ئەوەی لە كۆلێژی پزیشكی و ئەندازیاری، وەربگیرێن، سەرپشك دەكران لەوەی نمرەی زمانی كوردی لە كۆنمرەدا لا بدەن!
زمان بەتەنها ئامرازی ئاخاوتن و  پێوەندیگرتنی كۆمەلایەتی نییە، زمان بەهای نەتەوەیی و زانستی و ئابووریشی هەیە. سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن بەندە بە توانای زمانەوانی مامۆستاوە. ئاخر تەنها مامۆستای خاوەن زمانێكی تۆكمە، دەتوانێت بیرۆکە زانستییەكان، بە شێوازێكی سادە بۆ قوتابیان ڕوون بکاتەوە. تەنها لە ڕێی زمانێكی پوخت وپاراویشەوە، دەتوانین سەرنجی قوتابیان ڕابکێشین و حەزی فێربوونیان لەلا زیاد بکەین. جیاوازی ئێرە لەگەل لە وەلاتانی پێشكەوتوو ئەوەیە، لەوێ كەس نابێت مامۆستا، ئەگەر زمانەكەی لە ئاستێكی باڵادا نەبێت. لێرە با كوردییەكەمان دوكەڵیش بكات، گەر حیزب بخوازێت نەك هەر مامۆستا، دەشێ ببین بە وەزیری (پەروەردە، خوێندنی بلند و ڕۆشنبیرییش!)

93 جار خوێندراوەتەوە