(پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، بەلكوو خودی ژیانە!) ئەمە وتەی فەیلەسوف و بیرمەندی بواری پەروەردە (جۆن دێوی)ە، كە بە باوكی پەروەردەی هاوچەرخ دادەنرێت. شۆرشەكەی جۆن دێوی لە بواری پەروەردەدا، تەواو هاوشێوەی شۆڕشی كۆپەرنیكی بوو لە بوای گەردوونناسیدا. وەك چۆن بەر لە كۆپەرنیكۆس، مرۆڤ وای دەزانی زەوی چەقی گەردوونە و ئەوە كۆپەرنیكۆس بوو كودەتای بەسەر سیستەمەكەی بەتلیمۆسدا كرد و خۆری وەك سەنتەری گەردوون ناساند. جۆن دێوییش بەوەی كە لە جێی مامۆستا، خوێندكاری كرد بە سەنتەر، هەمان كاری كرد، ئاخر ئەوەی جۆن دێوییش كردی، كودەتا بوو بەسەر سیستەمی پەروەردەی كلاسیكدا كە (یوهان فریدیریش هێربەرت) دایڕشتبوو و تێیدا مامۆستای بە سەنتەر دانابوو.
تا ڕۆژگاری ئەمرۆیش هیچ بیرمەندێكی بواری پەروەردە (چ ئەوانەی ڕەخنەیان لێ گرتووە و چ ئەوانەیش كە پەسەندیان كردووە) نەیانتوانیوە جۆن دێوی، تێپەڕێنن. هەموو ئەوانەی دوای ئەو هاتوون، تەنها فەلسەفەكەی ئەویان دەولەمەند كردووە، كۆمەكیان پێ كردووە و بەرەو پێشەویان بردووە. هیچیان تیۆریایەكی تەواو جیاواز لەوەی جۆن دێوییان پێشكەش نەكردووە. بیروڕاكانی جۆن دێوی، تا ئەمڕۆیش وەك سەرچاوە و بنەمایەكی سەرەكی بۆ داڕشتنی زۆربەی سیستەمە پەروەردەیییە هاوچەرخەكانی دونیا، سودیان لێ وەردەگیرێت.
سیستەمە پەروەردەیییەكەی جۆن دیوی، كە لەسەر بنەمای فەلسەفەی پڕاگماتیزم دامەزراوە، بە پێچەوانەی سیستەمی پەروەردەی كلاسیكەوە (كە زیاتر گرنگی بە لایەنی تیۆری دەدا) جەختی لەسەر لایەنی كردارەكی پەروەردە و فێركردن دەكردەوە. جۆن دێوی پێی وابوو بەهای هەر زانستێك بەندە بەو سودەی، كە لە واقیعدا هەیەتی، بۆیە جەختی لەسەر فێربوونی پڕاكتیكی دەكردەوە. پێی وابوو خوێندكار لە ڕێی ئەزموون و كاركردنەوە فێر دەبێت، نەك لەڕێی وانەی تیۆریی وشكەوە.
جۆن دێوی خوێندكاری بە ئامانج و مامۆستای بە ئامراز دەزانی. پێگەیاندنی مرۆڤێكی خاوەن بیركردنەوەی ڕەخنەیی و ئازاد و بەرپرسیاریشی بە ئامانجی هەرە باڵای پەروەردە دەدەنا. قوتابخانەی وەكوو شوێنێك بۆ ڕاهێنانی تاك، لەسەر هاوكاری و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز و یەكترقبولكردن دەبینی. لەكن وی دیمۆكراسی تەنها سیستەمێكی سیاسیی نەبوو، بەلكوو شێوازێكی ژیان بوو. كە قوتابخانەی وەك كۆمەلگەیەكی بچووك ناو دەبرد، پێی وابوو: ئەگەر لە قوتابخانەكانەوە بەها دیمۆكراسییەكان لە هزر و ڕەفتاری تاكدا پەرە پێ نەدەین، ناتوانین كۆمەلگایەكی دیمۆكراسی بونیاد بنێین. ئەو پەروەردەی وەكوو ئامرازێك بۆ پەرەپێدانی دیمۆكراسیی دەبینی!
ئامانجی خوێندن و پەروەردە، تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە و دەستكەوتنی کار نییە، باڵاترین ئامانجی پەوەردە مرۆڤسازییە. مرۆڤسازی گۆرینی مرۆڤە لە بوونەوەرێكی بایلۆژییەوە بۆ مرۆڤێكی خاوەن بەها و بنەما، خاوەن پەیام و ئامانجی باڵا. خوێندكار بە لەبەركردنی دەقێك لەبارەی ئاكاری بەرزەوە نابێتە مرۆڤێكی خاوەن ڕەوشت و ئاكاری بەرز. بەها باڵاكانی وەك دادپەروەری، ڕاستگۆیی، دەستپاكی و هاوسۆزی بە ڕاهێنان و لەڕێی گۆڕینی پڕاكتیكیانەی ڕەفتارەی تاكەوە دەچەسپێن، نەك لەڕێی ئامۆژگاریكردنەوە!
188 جار خوێندراوەتەوە