لە نێوان قورسیی ژیان و ناخۆشکردنی ژیاندا
سهركۆ یونس
لەنێوان چەمکی "قورسی" و "ناخۆشی"دا جیاوازییەکی بێدەنگ بەڵام زۆر قووڵ هەیە. ژیان کە قورس دەبێت، تا ڕادەیەک سروشتییە، قورسی پەیوەندی بە بەرهەڵستکاری، هەوڵدان، تێکۆشان و بەدەستهێنانی بژێوییەوە هەیە. مرۆڤ لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییە بێت، بۆ بونیادنانی ئاییندەی خۆی ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستهنگ و قورسی دەبێتەوە. کاتێک قورسییەکە لە چوارچێوەی بەها و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بێت، مرۆڤ توانا و ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە.
کێشەی ڕاستەقینەی ئەمڕۆی ژیین و ژیانكردن له کوردستان لەوەدا نییە کە ژیان تەنها "قورس" بێت، بەڵکو لەوەدایە کە ژیان "ناخۆش" کراوە. ناخۆشی کاتێک دروست دەبێت کە تاك هەست بە بێئومێدی، نادادپەروەری و داخرانی ئاسۆکانی ئاییندە دەکات؛ کاتێک هەوڵ و تواناکانی تاک هیچ هاوکێشەیەک لە بەرژەوەندی خۆیدا نەگۆڕێت.
لەکۆمەڵگەی كورديدا، بهشێك له ناخۆشیيهكانى ژیان, لە چەند ڕهههندێكی ئابوری و داراییهوه سهرچاوه دهگرێت:
یهكهم: تێکچوونی چەمکی بژێوی و پەککەوتنی مووچە:
کاتێک سەرەتاییترین مافی فەرمانبەر و مووچەخۆر و خانهنیشینان، کە وەرگرتنی پاداشتی ماندووبوونی مانگانەیە، دەبێتە بابەتێکی نادیار و پڕ لە دڵەڕاوکێ، ئارامی و سەقامگیری لای خێزان نامێنێت. دواکەوتنی بەردەوامی مووچە، تەنها کێشەیەکی دارایی و ژمێریاری نییە، بەڵکو داڕمانی دەروونی و شڵەژانی پێکهاتەی کۆمەڵگەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا، نزیكهی 1ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر هەیه. ئەگەر ناوەندی خێزان بەتێكڕای ( 4 بۆ 5) کەس ئەژمار بكرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ژیانی زیاتر لە( 4.5- 5 )ملیۆن کەس کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی هەرێمن پهیوەستە بەم بڕە پارەیەوە. مانگانە ههرێم بۆ دابینکردنی تهنها مووچە، پێویستی بە نزیکەی 945 ملیار دینار هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 11.3 ترلیۆن دیناری ساڵانە.
پەککەوتنی ئەم پارهداركردنی مانگانە، شهلهل لهبازاڕی ناوخۆدا دروست دهكات و کاریگەری ڕاستهوخۆی لهسهر داڕمانی بازاڕ، قهرز و قیست دهبێت و كێشهی كۆمهڵایهتی سهرههڵدهدات، ههروهها داڕمانی دەروونی و تێکچوونی ئاسایشی خێزان یهكێكی تره له نههامهتییهكانی دواكهوتنی مووچه. ئەم ناڕوونییە ڕاستەوخۆ ڕێژەی دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ، ململانێی ناو خێزان، و ڕێژەی جیابوونەوە و تاوان زیاد دەکات.
بەم شێوەیە، دواکەوتنی مووچە تەنها ڕاگرتنی ژمارەیەک لێكدانەوەی دارایی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی ژیانی ڕۆژانە و بەستەڵەککردنی هەموو جومگە بنەڕەتییەکانی ئابووریی ناوخۆییە.
دووهم: سستی بازاڕ و نهبوونی ئاسۆی كـــــــــار:
بازاڕی کاری ههرێم، لەبری ئەوەی جوڵەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت، سستبوونی گشتگیر باڵی بەسەردا کێشاوە. بەگوێرەی دوایین رووپێوی فەرمی کە لە عێراق ئەنجام دراوە، ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە14.97 %، لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشووتردا ئەم ڕێژەیە بۆ ڕادەی %16.5 بەرزبووەتەوە بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی. ئەم بارودۆخە زیاتر گەنجانی خاوەن بڕوانامەی خوێندنی بەرز دەگرێتەوە، بۆ نموونە ساڵانە زیاتر لە 48 هەزار خوێندکار لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون وەردەگرن، بەڵام بازاڕی کار ناتوانێت ئەم ژمارە زۆرەی دەرچووان هەڵبگرێت. جگە لەمەش، ڕێژەی هەژاری لەسەر ئاستی گشتی عێراق نزیکەی %17.5ـە، کە پەیوەندیدارە بە کێشەی بێکاریشەوە. گەنجان بە بڕوانامە و توانای جیاوازەوە ڕووبەڕووی دیوارێک لە بێکاری دەبنەوە. کاتێک گەنجێک دەبینێت ساڵانێکی تەمەنی لە خوێندندا تەرخان کردووە بێ ئەوەی دەرفەتێکی شایستەی پێبدرێت، بێئومێدی جێگەی حەز و خولیای کارکردن دەگرێتەوه.
سێیهم: بارگرانیی سوتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان:
لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک زێڕی ڕەش و وزە وەستاوە، گرانی بەنزین و غاز و گاز، نەوتی سپی بۆ بهكاربردنی ماڵان، هێشتا هاوینه نرخهكهی دووهێندهی ساڵی پاره! ههموو ئهمانه باری سەرشانی هاووڵاتیانی گرانترکردووە، دهبنه خەمێکی قورسی دارایی، بهدهستهێنانی چهند لیترێك له بهنزین، وهستانی زیاتر له پێنج كاتژمێری پێویسته و بهگرانیش لهسهر شۆفێران دهوهستێت، ئهمه جگه له بهنزینی بازرگانی كه نرخهكهی نزیكبووهتهوه له نرخی كیلۆیهك گۆشتی مریشك!
چوارهم: داڕمانی بازاڕی ناوخۆیی و ڕەنجی جووتیاران:
ساغنەبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی جۆراوجۆری جووتیارانى دهشتی شارهزوور و شلێر و ناوچهكانی تر، داخرانی ڕێگەکان لەبەرامبەر بەرهەمی ناوخۆییدا، نموونەیەکی بهردهسته لە ناکارامەیی بازاڕ و پلانی ئابووری. ڕەنجی ساڵێکی جووتیارێک کە لەبەرچاوی خۆیدا بێ بهها دەبێت، نیشانەی ڕاستەقینەی ناخۆشبوونی ژیانە، چونکە بەرهەمداری دەکوژێت و بێئومێدی دروستدهكات.
ژیانی قورس مرۆڤ دروست دەکات، بەڵام ژیانی ناخۆش و بێئومێدکەر، ئیرادەی مرۆڤ و هەستی ئینتیما لەناو دەبات. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت، تەنها قورسبوونی باری گوزەران نییە، بەڵکو کاڵبوونەوەی هیوایە لە دڵی گەنجان و سڕینەوەی دڵنیاییە لە ئاییندە.
تا ئەو کاتەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ بنەما ئابوورییەکان نەکرێت و دەرفەتی یەکسان بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە دابین نەکرێت، قورسییەکان دەبنە بارێکی گرانتر و ناخۆشییەکانیش قووڵتر دەبنەوە. هێنانەدی ژیانێک کە پارێزهری شكۆ و کەرامەتی مرۆڤ بێت، پێویستی بە گۆڕینی هاوکێشەکانە لە بەکارهێنەرەوە بۆ بەرهەمهێنەر، و لە نادادپەروەرییەوە بۆ دەرفەتی یەکسان.
87 جار خوێندراوەتەوە