لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا، تیشکێک لەسەر کوردستان

نەتەوە یەکگرتووەکان، (20)ى شوباتی هەموو ساڵێک، بەڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی داناوە،  لەبڕیارەکەیدا ئاشکرای کردووەو دەڵێت: گەشەپێدانی کۆمەڵایەتى و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم یادە دەڵێت: دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بنەمایەکی سەرەکیە لە بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەناو نەتەوەکاندا.

یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، لەم کاتەدا کە جیهان سەرقاڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرئەنجامەکانیەتی، ئاستەنگێکی تری خستوەتە بەردەم جێبەجێکردنی دادی کۆمەڵایەتی، لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا.

لاوازی کەرتە ڕاستەقینەکانی ئابوری و بەرەوپێشچوونی ئابوری ژمارەیی (دیجیتاڵی) لەڕێگای ئینتەرنێتەوە، بەدەستهێنانی داهات و قازانجێکی لەڕادەبەر بۆ کەمینەیەک لەلایەک و بێکاربوونی ملیۆنان دەستی کار و هەژاربوونیان لەلایەکی ترەوە، جێبەجێکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی، کەمتر و سنوردار کردووە.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەڵدەستێت بەدابەشکردنێکی دادوەرانە و پاک و بێ گەرد، لە سامان و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری یاسایی.

هەروەها کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەدەستهێنانی مافەکانی گەلانی خانەخوێ و کۆچکەراندا. لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان کە ڕوبەڕووی گەلان دەبێتەوە، بەهۆی جۆری ڕەگەز یان ڕەنگ یان تەمەن یان ئایین یان کلتور.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دادەنرێت بەسەرچاوەی گەشەپێدان، ئامانج پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.

فەرهەنگى "ئۆکسفۆرد" پێناسەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردوە بە: دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادگەر و هاویەک، پارێزگاری مافەکانی هەموو تاکێک بکات و بڕیارەکان بەشێوەیەکی پاک و ڕاستگۆیانە دەربکرێت.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراتیە.
نادادی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تەنانەت ئاینیش، جیاوازی چینایەتی دروست دەکات، کە کۆمەڵگا تووشی پەرتەوازەیی و ڕق و نائارامی دەکات.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پێش ئەوەی یاسا و سیستەم بێت، هۆشیارییە، کەبەداخەوە لەکۆمەڵگای کوردیدا بوونی هۆشیاری لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، بۆیە دادی کۆمەڵایەتیش بەهەمان ئاستی هۆشیاری مرۆڤەکانی کۆمەڵگای کوردی، دێتە کایەوە.


گومانی تێدا نییە، دادپەروەری کۆمەڵایەتى، بابەتێکی ڕێژەییە و دادی کۆمەڵایەتى بەڕەهایی بوونی نییە، بەڵام دەکرێت مەودای جیاوازییەکان کەمتر ببێت.

هەروەها تێڕوانینی دەستەڵاتداران و لایەنە حکومڕانەکان، بۆ دادپەروەری ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت، لەسەر جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری لەکۆمەڵگادا، بەداخەوە لەهەرێمدا ئەم تێڕوانینە نێگەتیڤە بۆ چەمکی دادپەروەری و سەروەری یاسا.

پرسیارەکە ئەوەیە،ئایا لەهەرێمدا تاچەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی پەیرەو دەکرێت، لەسەر بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؟
ئایا کار بەو ئامڕازوپێوەرانە دەکرێت، بۆ بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگادا؟
لێرەدا، بەکورتی پێوەرەکانی دادی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەرێمدا دەخەینە پێشچاو.

* یەکسانی و جیاکاری نەکردن،دەرفەتی وەک یەک:-
ئەم پێوەرە لەهەرێمدا کاری پێ ناکرێت، ئەو دەرفەتی کارانەی کە دەرەخسێنرێن، جیاکاری تێدادەکرێت و بەیەکسانی دابەشناکرێت بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیدا، بەڵکو بەهۆی پشتگیری لایەنەکان و خزم خزمێنەوە، ئەم پێوەرە پشتگوێ خراوە.
دەرئەنجامی گەندەڵی، ڕێژەی بێکاری، ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەئێستادا زیاترە لە (30%) دەستی کارکەران، بێکاری بەردەوامیش دیاردەی هەژاری لێ دەکەوێتەوە، بەمەش کۆمەڵگا دواکەتوو دەکات.

*دابەشکردنی داپەروەرانە بۆ دەرامەت:-
ئەم پێوەرە لە هەرێمی کوردستاندا، نەکاری پێ کراوە نەکاری پێ دەکرێت، ئەوەی هەیە لەدەرامەت و داهاتی نەتەوەیی لەئێستادا بەهۆی گەندەڵی کارگێڕی و سیاسییەوە بەفیرۆ دراوە و دەرامەت و داهاتەکان بەیەکسانی و دادپەروەرانە دابەشناکرێت، چینێکی کەم، خاوەنی هەموو شتێکن، چینە زۆرەکەش خاوەنی هیچ شتێکن، بێ بەشن لەداهات و خێروبێری وڵات بە تایبەتی چینی گەنجانی خاوەن بڕوانامە، چینێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داهات و سامانەکانیان، لەسەر حسابی زۆرینەی کۆمەڵگا زیاد دەکات و زۆرینەی کۆمەڵگاش داهات و بژێویان، بەرەوخوارتر دەڕوات.

* بیمەی کۆمەڵایەتى:-
لەهەرێمی کوردستاندا، بیمەکردن لەسنورێکی بەرتەسکدایە، ڕێژەیەکی کەمی هاونیشتیمانیان بیمەیان بۆ کراوە، ئەویش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە.
بیمەی کۆمەڵایەتی، بوارەکانی پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی و تۆڕەکانی پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. تائێستا حکومەتی هەرێم، نەیتوانیوە بیمە بۆ هاونیشتیمانیان دابین بکات، هیچ دامودەزگایەکی فەرمی کار لەم بوارەدا ناکەن.

* دابین کردنی کاڵا گشتییەکان:-
ئەم پێوەرە، لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، جیاوازی هەیە، لەهەندێ شاروشارۆچکە تاڕادەیەکی باش زۆربەی کاڵا گشتیەکان دابین کراوە، لەهەندێ شوێنی نیشتەجێبوونیش کە خاوەندارێتیان بۆ کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە، دابینکردنی کاڵا گشتیەکان، کەوتووەتەسەر کەرتی تایبەت، لەبەرامبەردا هاونیشتیمانیان بڕێک پارە دەدەن.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن، کەموکوڕی زۆر هەیە لەدابینکردنی کاڵا گشتیەکاندا، بەگشتی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و پڕۆژەگشتیەکانی وەک پارک و باخچە.

لێرەو لەوێ ڕۆژانە گوێبیستی داواکاری و گلەیی هاوڵاتیان دەبین لەم بوارانەی سەرەوە.

* دادپەروەری لەنێوان نەوەکاندا:-
ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە، پشکی شێر بۆ نەوەی پێشووە و نەوەی ئێستا و داهاتوو، بێ بەش ماونەتەوە بەدیار داهاتوویەکی نادیارەوە، چونکە بەپێی داتاکان و بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێم بێت، هەرێم نزیکەی (27) ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە، ئەمە سەرەرای کێشە و قەیرانەکانی تر.

نە بۆ ئێستا نە بۆ داهاتوو دادپەروەری بەدی ناکرێت، کاتێک کە یاسا سەروەر نەبێت و کار بەدەقی یاسایی نەکرێت، هیچ جۆرە دادپەروەرییەک بەدی نایەت، لەنێوان تاکەکان و دەسەڵاتداراندا. یاسا لەهەرێمدا بۆ بێ دەستەڵاتەکان و ژێردەستەکان جێبەجێ دەکرێت و بەڵام خاوەن پایەی کۆمەڵایەتی و حزبی و گەندەڵکارە گەورەکان لەسەرووی یاساوەن.

هیوادارین، لەساڵانی داهاتوودا، تێڕوانینی حکومڕانانی هەرێم، لەمەڕ دادپەروەری کۆمەڵایەتى گۆڕانی بەسەردابێت، هەرێمیش وەک وڵاتانی تر، بتوانێت پێوەرەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ هاونیشتیمانیان جێ بەجێ بکات.

243 جار خوێندراوەتەوە