قەرزکردن بۆ دانه‌وه‌ی قەرز

قەرزکردن بۆ دانه‌وه‌ی قەرز!

سه‌ركۆ یونس

لە فەرهەنگی ئابوریدا، قەرزکردن زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ وەبەرهێنان یان دابینكردنی پێداویستییەکی کتوپڕی کاتی سەیر دەکرێت. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە دەگۆڕێت بۆ ستراتیژیەتی "قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی قەرز" ئیتر ئێمە لەبەردەم قەیرانێکی کاتییدا نین، بەڵکو لەبەردەم داڕمانێکی پێکهاتەیی ئاسایشی دارایی خێزانداین. ئەمە ڕێک ئەو واقیعە تاڵەیە کە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر سایەی درێژبوونەوەی خولی مووچە بۆ نزیکەی50 ڕۆژ، تێیدا دەژین.

 

کاتێک ماوەی نێوان دوو مووچە دەگاتە 50 ڕۆژ، هاوکێشەی زەمەنیی پابەندییە داراییەکانی تاکی کوردی بە تەواوی تێکدەچێت. کرێی خانوو، قیستی ئۆتۆمبێل، پارەی کارەبای نیشتمانی و پڕۆژەی "ڕوناکی"، هه‌روه‌ها جارێكی تر كرێی مۆلیده‌كان، لەگەڵ خەرجی ڕۆژانەی بازاڕ، هەموویان لەسەر بنەمای خولێکی 30 ڕۆژی ڕێکخراون و خاوەنەکانیان ناتوانن 20 ڕۆژی زیادە چاوەڕێ بکەن. بۆ نمونه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با و پرۆژه‌ی ڕوناكی، له‌ڕاگه‌یاندراوێكیاندا، داوا ده‌كات هاوبه‌شه‌كانیان پێویسته‌ دوای 50 ڕۆژ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پسوله‌كانیان، كرێی كاره‌باكانیان بده‌ن، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا كاره‌بایان لێ ده‌بڕین! لەم خاڵەدا، فەرمانبەر دەچێتە ناو تەڵەیەکەوە کە دەربازبوون لێی مەحاڵە؛ ئەو ناچارە قەرز لە دۆستێک یان مارکێتێک بکات، نەک بۆ کڕینی کاڵایەکی نوێ، بەڵکو تەنها بۆ دانەوەی قیست یان کرێی مانگی ڕابردوو.

 

مەترسی گەورەی ئەم حاڵەتە لەوەدایە کە "کات" دەبێتە دوژمنی یەکەمی مووچەخۆر. کاتێک دوای 50 ڕۆژ مووچەی مانگی 6 دابەش دەکرێت، ئەو مووچەیە پێشوەختە لە ڕووی كردارییه‌وه‌ بوونی نەماوە! فەرمانبەرەکە ڕاستەوخۆ لە ڕۆژی وەرگرتنی مووچەکەیدا، بڕە گەورەکەی دەداتەوە بە قەرزە کۆنەکان و هێشتا چەند ڕۆژێکی کەم تێپەڕ نابێت، دووبارە دەستەوستان دەبێتەوە لەبەردەم خەرجییە نوێیەکان و ناچار دەبێتەوە خولێکی نوێی قەرزکردن دەستپێبکاتەوە.

 

ئەم جۆرە لە ژیان، تاکی کوردی لە "بەکاربەرێکی چالاک" لە بازاڕدا، دەگۆڕێت بۆ "بارمتەیەکی هەمیشەیی قەرز". زیانی درێژخایەنی ئەم دۆخە ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر لە داهاتووشدا سیستەمی مووچە ئاسایی ببێتەوە و 30 ڕۆژ جارێکیش دابەش بکرێت، فەرمانبەر ناتوانێت یەکسەر هەناسەیەک بدات؛ چونکە ئەو بۆ چەندین مانگ و ڕەنگە ساڵیش، داهاتی داهاتووی خۆی پێشوەختە فرۆشتووە بۆ ڕزگاربوون لە قەرزە کۆنەکانی. ئەمەش بازاڕی هەرێم لە هێزی کڕینی ڕاستەقینە خاڵی دەکات و کۆمەڵگە دەخاتە ناو دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێی دارایی و دەروونییەوە.

152 جار خوێندراوەتەوە