زێدەڕۆیی وبەفیرۆدان، لەخواردن وخواردەمەنیدا

دیاردەی زێدەڕۆیی وبەفیرۆدان، لەئێستادا یەکێکە لەدیاردە ئابوری وکۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکان بەگشتی وکۆمەڵگادواکەوتوو وتازەپێگەشتووەکان بەتایبەتــــــی.

ئەم دیاردەیە، دوای زۆربوون وفەراهەمبوونی شمەک وکاڵا و خزمەتگوزارییەکان زیاتر دەرکەوت، بەوپێیەی پێداویستیەکان لەپێویستیەکانی تاک و خێزان و کۆمەڵگا زیاتر بوو.

لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، بەداخەوە موسڵمانان زیاتر خەرج دەکەن و زیاد لەپێویستی ڕۆژانەیان لەخواردن و خواردەمەنی بەکاردەهێنن، کەگومانی تێدا نییە، ڕێژەیەکی زۆری ئەم پێداویستیانە بەفیرۆ دەڕوات ودەکرێنە ناو سەتڵی خۆڵ وخاشاکەوە.

لەقورئانی پیرۆزدا، هاتووە کەخوای گەورە بەفیرۆدەرانی خۆشناوێت (وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ)
هەروەها داوامان لێ دەکات، لەبەفیڕۆدان و زیادەخەرجی دوور بکەوینەوە بەگشتی و لەخواردن وخواردەمەنی بەتایبەتی.

زێدەخەرجی وبەفیڕۆدان، لەهەڵسوکەوتەنەشیاوەکان ئەژمار دەکرێت، کەدەبێتەهۆی زەرەروزیان لەتاک و خێزان وکۆمەڵگا، لەهەمانکاتدا، دەبێتەهۆی لەناوچوونی هەندێ لەدەرامەتەکان.

زیادەڕۆیی لە خۆراک و خواردەمەنیدا، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو و کۆمەلگای کوردی، بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هیچ خێزانێک نی یە، سفرەی بەربانگی بەبێ فیڕۆدانی بەشێک لەخوانەکەی نەبێت! هەرچەندە ئامارێکی دروست لەم بوارەدا نی یە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، لەم مانگەدا زیاتر لە(50%)ی زبڵ وخاشاکی خێزانەکان، بریتین، لەپاشماوەی خۆراک وخواردەمەنی و میوە وسەوزە.

هەروەها دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە، جارێکی تر قەیرانی گرانبوونی بازاڕ، سەرهەڵدەدات، بارگرانی زیاتر بەسەر گیرفان و داهاتی خێزانەکانەوە دروست دەبێت.

زانستی ئابوری، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە تاک و خێزانەکان، بەپێ ی پێویستی ئەندامانی خێزان و رۆژانە، پێداویستیەکان دابین بکەن، زیاد لەپێویستی زەرەر لەگیرفان وداهات دەدات.
لەلایەکی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم خواستە زۆرەی بەکاربەران و لاوازی ئابوری هەرێم، کەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نیە، ناچار بۆ پڕکردنەوە پەنا دەبرێتە بەر هاوردەکردن، بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەکان (90%) پێداویستە خۆراکی و خواردەمەنییەکان، لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، داهات و پارەی نیشتیمانی دەچێتە گیرفانی وڵاتی هەناردەکارەوە.

بێ گومان، زێدەڕۆیی لەخواردن وخواردەمەنی دا، چەندین دەرئەنجانی نێگەتیڤی هەیە، لەوانە:-
* قەڵەوی و زیادبوونی کێشی لەش، لەڕێگەی زۆرخۆرییەوە، قەڵەوی دروست دەبێت، ئەمەش مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی دەکات، وەک نەخۆشییەکانی دڵ وفشاری خوێن وشەکرە وئازاری جومگە وئێسک.

* هەستکردن بەتەمەڵی و سستی، بێگومان کەسی زۆرخۆر، دەرئەنجامەکەی تەمەڵی دەبێت، کەزۆربەی کات ئارەزووی خەو دەکات.

* خەرجکردنی زیاد لەدارایی، ئەمەش بەهۆی ئامادەکردنی خوانێکی چەورو جواروجۆر، بەبەردەوامی.

ئەم دیاردەیە، لەکاتێکدایە جیهان بەگشتی بەدەست کەمبونەوەی خۆراکەوە گیرۆدەبووە، بەهۆی دەرئەنجامەکانی کۆرۆناڤایرۆس و ووشکەساڵی، جەنگی ڕووسیاو ئۆکرانیا. بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا، بووەتەهۆی زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان و سەرئەنجام ئاستی گشتی نرخەکان لەبازاڕەکاندا بەرزتر دەبێتەوە، هەر ئەمەش یەکێکە لەهۆکارەکانی هەڵــاوسانی نێودەوڵەتی.
هەندێ لەڕاپۆرتەکان باس لەبەفیڕۆدانی نزیکەی (1.3) ملیار تەن/ساڵانە لەخواردن دەکرێت، ئەم ڕێژەیە نزیکەی سێ یەکی بەرهەمهێنانی جیهان دەبێت، بەمانایەکی تر، واتە یەک لەسێ بەشی خۆراکی جیهانی لەسەلەی خۆڵدا دەبینێتەوە.

بەداخەوە، کۆمەڵگای کوردیش، لەم دیاردەیە بێ بەش نی یە، لەساڵانی پێشوودا بەهۆی زیادبوونی داهاتی تاک وخێزانەکانەوە، دیاردەی زێدەخەرجی وبەفیرۆدان زیادی کردو بەسەدان تەن لەخۆراک وخواردەمەنی و سەوزەو میوە بەفیرۆ چوون، سەرەڕای قەیرانی دارایی و کێشەئابورییەکان، بەڵام کۆمەڵگا هێشتا ڕێژەیەکی زۆری خواردن و خواردەمەنی زیاد لەپێویست خەرج دەکات و دیاردەی بەفیڕۆدان و زێدەخەرجی لەئاستێکی بەرزدایە.

یەکێک لەهۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، نەبوونی هۆشیاری تاک وخێزانەکانە لەشێوازی بەکاربردنی خواردن وخواردەمەنیدا.

هەربۆیە، پێویستە هەموو لایەک بەڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ناوەندەکانی پەروەردەوفێرکردنەوە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەکاربردن بدرێت، چونکە ئەم دیاردەیە، مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک و ماڵ وسامانی هاونیشتمانیان.

294 جار خوێندراوەتەوە