بەپەلە

ads top

شــــه‌وانه‌ بـــازاڕ


له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ پیرۆزدا و له‌گه‌ڵ نزیك بونه‌وه‌ی‌ جه‌ژن به‌شێكی‌ زۆری‌ هاونیشتیمانیان پێیان باشه‌ به‌شه‌ودا بازاڕ بكه‌ن و پێداویستییه‌كانیان دابین بكه‌ن.

له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی‌ شارستانی‌ نوێیه‌ و ده‌رهاویشته‌ی‌ جیهانگیرییه‌ و ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بووه‌ته‌ كلتور له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر جموجوڵی‌ كڕین و فرۆشتن و گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ هه‌رێم.

 كات یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی‌ بازاڕ و ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ كڕیارو فرۆشیار به‌یه‌ك ده‌گه‌ن نرخه‌كان دیاری‌ ده‌كرێت و كرداری‌ ئاڵوگۆڕ ئه‌نجام ده‌درێت ..

خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆی‌ سه‌قامگیری‌ ئه‌من و ئاسایش له‌ كوردستاندا ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆری‌ كڕیاران به‌شه‌و خواسته‌كانیان پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌رچی‌ مۆڵ و سۆپه‌رماركێت و بازاڕی‌ میللی‌ و هاوچه‌رخ هه‌یه‌ جمه‌یان دێت له‌ كڕیاران و هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێویستییه‌كانیان به‌ كه‌مترین تێچون و نزمترین نرخ به‌ده‌ست بهێنن، كه‌ ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی‌ خواسته‌كانمان له‌م كاتانه‌دا جلو به‌رگ بۆ خانمان و مناڵان و سه‌به‌ته‌ی‌ خواردن و خوارده‌مه‌نی‌ یه‌ و به‌شێكی‌ تری‌ هاونیشتیمانیان ده‌چنه‌ بازاڕ و مۆڵه‌كان بۆ به‌سه‌ربردنی‌ كاتێكی‌ خۆش و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ ڕۆژه‌كان كه‌ به‌هۆی‌ به‌ ڕۆژوو بون و به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رماوه‌ ناتوانن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت چاولێكه‌ری‌ خێزانه‌كان كاریگه‌ری‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر شه‌وانه‌بازاڕ و هۆكارێكه‌ بۆ بره‌وسه‌ندنی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌.

له‌ڕاستیدا شه‌وانه‌ بازاڕی‌ هاونیشتیمانیان و كڕیاران له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زاندا بۆ چه‌ند هۆیه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌وانه‌  زۆربه‌ی‌ كڕیاران به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بن و زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ ڕۆژ له‌ماڵه‌وه‌ پشوو ده‌ده‌ن و پله‌كانی‌ گه‌رماش وورده‌ وورده‌ به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و ناتوانن بچنه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌شێكی‌ تری‌ كڕیاران بریتین له‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت ئه‌مانه‌ به‌ڕۆژ له‌ ده‌وامدان و ماندوو ده‌بن ناچار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێویستییه‌كانیان به‌شه‌و ده‌چنه‌ بازاڕو مۆڵه‌كان.

ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت له‌بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نرخه‌كان به‌هۆی‌ خواست و خستنه‌ڕووه‌ دیاری‌ ده‌كرێن به‌بێ‌ ده‌ست تێوه‌ردانی‌ حكومه‌ت، له‌م مانگه‌دا یاسای‌ خواست كار ناكات (په‌یوه‌ندیه‌كی‌ پێچه‌وانه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان نرخ و بڕی‌ خواست) واته‌ ئه‌گه‌ر نرخ به‌رز ببێته‌وه‌ ئه‌وا بڕی‌ خواست داده‌به‌زێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ زۆری‌ خواسته‌وه‌ و ناچار بوونی‌ كڕیاران بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێویستییه‌كانیان ئه‌م یاسا ئابورییه‌ كاری‌ پێ‌ ناكرێت و خێزانه‌كان زۆربه‌ی‌ داهاته‌كانیان و بگره‌ هه‌ندێ‌ جار قه‌رزیشی‌ بۆ ده‌كه‌ن له‌ پێناو دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانیان ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كی‌ تره‌ به‌سه‌ر شانی‌ لێپرسراوانانی‌ خێزانه‌كانه‌وه‌ و خه‌رجییه‌كانی خێزان له‌م مانگه‌دا دوو ئه‌وه‌نده‌ و زیاتریش ده‌بێت !

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌سه‌یركردنی‌ خێرا له‌هه‌موو ئه‌و بازاڕكردنانه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌به‌شی‌ هه‌ر زۆری‌ خواست بۆ كڕینی‌ شمه‌ك و كه‌لوپه‌لی‌ كه‌مالین (جوانكاری‌،ڕوواڵه‌تی‌) ئه‌مه‌ش مانای‌ گۆڕانكارییه‌ له‌ گوزه‌رانی‌ هاوڵاتیاندا به‌ره‌و باشبون و له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ كڕیاران و به‌كاربه‌ران زۆر زوو قه‌یرانی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ كوردستانیان له‌بیركردوه‌ و هه‌رچه‌نده‌ هێشتا قه‌یرانه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ بنبڕ نه‌كراوه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ بزانین كه‌ ئیداره‌دانی‌ ئابوری‌ دروستی‌ به‌كاربه‌ران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاشه‌كه‌وت بكه‌ین و هه‌رچی‌ مایه‌وه‌ خه‌رجی‌ بكه‌ین نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داهاته‌كانمان خه‌رج بكه‌ین و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك پاشه‌كه‌وت نه‌كه‌ین.

ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا گرنگه‌ تیشكی‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا (كڕیاران و فرۆشیاران) بتوانن ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردولا ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ به‌ڕی‌ بكرێت و ئیستیغلال كردنی‌ تێدا نه‌بێت له‌ ڕووی‌ نرخ و جۆری‌ شمه‌ك و كاڵاكانه‌وه‌ وئه‌م هه‌له‌ نه‌كرێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ شمه‌ك وكاڵای‌ خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو، هه‌ردوولا به‌چاوێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئایینی‌ یه‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌ بڕوانن. جێگای‌ خۆیه‌تی‌ ده‌ستخۆشی‌ له‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بكه‌ین بۆ هه‌وڵ و ماندوبونیان و ڕه‌خساندنی‌ كه‌شێكی‌ ئارام و سه‌قامگیر كه‌ دڵنیایی به‌ هه‌موولایه‌ك ده‌دات ..

هیوادارین ئه‌م دیارده‌ شارستانی‌ یه‌ له‌ ساڵانی‌ داهاتودا به‌رده‌وام بێت و گه‌شه‌ی‌ زیاتری‌ پێ بدرێت و ئه‌م ڕووه‌ گه‌شه‌ جوانه‌ی‌ ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و پێكه‌وه‌ ژیانیه‌ی‌ كوردستان به‌هه‌موو لایه‌كی‌ بگه‌یه‌نین...

251 جار خوێندراوەتەوە