بەهای دۆلـــار، مۆتەکەی ئابوری عێراق

دوابەدوای تویتەکەی موقتەدا سەدر، سەبارەت بەبەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، لەسەر پێشنیاری سەدر، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای بانگکردنی هەریەک لەوەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

لەوەڵامدا، عەلی عەلاوی نامەیەکی بۆ سەرۆک وەزیران نارد، لەناوەرۆکی نامەکەدا، دەعوەتەکەی ڕەدکردەوە و وتی ئامادە نابم، بەم وەڵامەی وەزیر، حاکم زاملی داوای قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی لەوەزیری دارایی بەرزکردەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی، کەتاڕادەیەک لەڕەوتی سەدرەوە نزیکە، چوە ئەنجومەنی نوێنەران و لەگەڵ جێگری سەرۆک و سەرۆکی کوتلە پەرلەمانییەکان کۆبویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینارەوە کرد و ڕایگەیاند، کەتا سێ ساڵی تر، ناتوانن دەستکاری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بکەن.

ئاشکرایە، بانکی ناوەندی، بەپێ ی دەستور، دامەزراوەیەکی سەربەخۆی بێ لایەنە، بەرپرسە لەسیاسەتی نەختینەیی وپاراستنی بەهای دراوی نیشتیمانی بەرامبەر دراوەکانی تر، تەنها لەبەردەم نوێنەرانی گەل(ئەنجومەنی نوێنەران) تاڕادەیەک ملکەچە.

بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، هەروا کارێکی ئاسان و ساکار نی یە، پێویستە هەر سێ لایەن، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییە دارایی ونەختینەییەکانی وەک (سندوقی نەختی نێودەوڵەتی وبانکی جیهانی) بەڕەچاوکردنی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەنجام و جێ بەجێدەکرێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لەکۆتاییەکانی(2020)دا، حکومەت وبانکی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران و بەئاگاداری لایەنەسیاسییەکان، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار جێ بەجێکرد، بەمەبەستی چەند ئامانجێک:-

یەکەم:- پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی، لە2020دا، نزیکەی(58) ترلیۆن دینار کورتهێنان بوە، دوا ئەوەی نرخی بەرمیلی نەوت دابەزی بۆ نزیکەی 30 دۆلار، حکومەت توانای دابینکردنی موچەی موچەخۆران و خەرجیەگشتییەکانی نەمابو، هەربۆیە بەم سیاسەتە، وەزارەتی دارایی لەڕێگای گۆرینەوە دیناری زیاتری دەستکەوت، کەساڵانە بە نزیکەی 13 بۆ 14 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت،

دوەم:- کەمبونەوەی یەدەگی دۆلار، مەترسی لەسەر دروست بو، چونکە حکومەت ناچار بو بۆ دابینکردنی موچەو خەرجییەکان، دۆلاری یەدەگ بفرۆشت، بەمەش یەدەگی دۆلار بەرەوکەمبونەوە چو، لەزیاتر(70) ملیار دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیکەی (48) ملیار دۆلار، کەجێگای مەترسیە بۆ ئابوری گشتی عێراق. سەرەڕای قەرزەکان، کەمبونەوەی یەدەگی دراو، ئابوری عێراق بەرەو داڕمان دەبات، خەرجکردنی یەدەگ، دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

سێیەم:- بوژانەوەی کەرتەکانی ئابوری عێراق، هەستانەوەی بەرهەمی نیشتیمانی و کەمکردنەوەی قەبارەی هاوردەکردن لەماوەی درێژخایەندا، یەكێکە لەئامانجەئابورییەکانی ئەم سیاسەتە.

ڕاستە، بەم سیاسەتەی بانکی ناوەندی، بەڕێژەیەکی بەرز، ئاستی گشتی نرخەکان بەرزبونەتەوە، بەپێ ی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەڵاوسان نزیک بوەتەوە لە(7%) کۆی گشتی نرخەکان، بارگرانی بۆ دانیشتوان بەگشتی وچینی ناوەندو هەژاران زیاتر بوە، هێزی شتکڕینی دینار دابەزیوە. بەڵام کێشەکان هەرئەم هۆکارە نین، توانای بەرهەمهێنانی کەرتەئابوریەکانی دەوڵەت، لەوئاستەدا نین، کەخواستی هەموەکی ناوخۆ لەپێداویستیەکان پڕ بکاتەوە، بۆیە عێراق بەناچاری پشت بەهاوردە دەبەستێت و ئامارەکان باس لەهاوردەکردنی ڕێژەی (90%) پێداویستیەکان دەکەن!

لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، پێمان وایە، ئامانجی سەدر وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، کەداوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات، لێدان بێت لەئێران، بەتایبەت لەڕوی داراییەوە، چونکە وەک دەوترێت قەبارەیەکی گەورەی دۆلار لەعێراقەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێت، عێراق بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی دەستکەوتنی دۆلار.

ئەم هەنگاوە، بەسیاسی کراوە، چونکە بابەتی بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بابەتێکی تەواو دارایی و نەختینەیی یە، لایەنێکی سیاسی بەتەنها ناتوانێت دەستوەربداتە گۆڕینی بەهای دینار. ئەوەشمان لەبیرنەچێت، ئەم بەڵێنە یەکێک بوە لەبەڵێنەکانی ڕەوتی سەدر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەپێشوەختەکەی ساڵی ڕابردو.

ئەوەی ڕودەدات لەبازاڕەکانی عێراق و هەرێمدا، تەنها پشێوی وشڵەژانە، نەبونی متمانە ونادڵنیایی خەڵکە بەواقعی ئابوری عێراق. هەندێجار قوستنەوەی هەندێ کەس ولایەنە بۆ قازانجکردنیان لەمیانەی گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار.

بەداخەوە ترسی تاک وکۆمەڵگا، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەم لایەنەوە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان، دۆلارەکانیان دەکەنەوە بەدینار، بەمەش قەبارەی خستنەڕوی دۆلار زیاتر دەبێت.

گومابی تێدا نی یە، هەمیشە دۆلار لەدینار باشترو بەبەهاترە. دۆلار، لەئێستادا تەنها بەدراوی ئەمەریکا نەماوەتەوە، بەڵکو بوە بەدراوێکی نێودەوڵەتی و زۆربەی مامەڵە بازرگانی و دارایی و قەرزو حەواڵەکان بەدۆلار ئەنجام دەدرێت و تەنانەت وڵاتان یەدەگی دراوەکانیان بەدۆلار هەڵدەگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا حکومەتی نوێ پێک نەهاتوە و عێراق یاسای بودجەی گشتی، بۆ ساڵی دارایی 2022 نییە!

هەربۆیە، بەهای دۆلار بۆ ئابوری عێراق، بوەتە مۆتەکەیەک لەبەردەم بوژانەوەو گەشەپێدانی کەرتەئابورییەکان وبارگرانی بەسەر تاک وخێزان وکۆمەڵگاوە.

427 جار خوێندراوەتەوە