سبەی ئەگەر بایکۆت ناکەی، ئەم ژەهرەت لەبەرچاوبێ

مەکەوە ناو زنجی تەڵەو داوی ووردی بەرپێتەوە، دادگەرو هۆشیارو بەئاگابەو خیتابی حەماسی و هەژارانە نەتخەڵەتێنێ، هەندێک موبەلیغ و بانگەشەکاری سیاسی ساختە ژەهریان کردۆتە پیاڵەی بەردەمت، ئەوان وەک سوارچاکی بچوک وان، تەپوتۆز ئەکەن و شمشێریان نیەو تەنها دەنگ و نووزەیان هەیەو دۆستی نزیکی سوڵتان و خەلیفەن.

بەپلان دەنگەکانتان ئەماشنەوە بەناوی دژە گەندەڵی و چاکسازی و ئایندۆستیەوە، ئەوانە بەجاهیلی و لەتەنکاوا دەمرن، ئێوە متمانەو دەنگ و ئیمانتان مەفرۆشن بۆ خۆشگوزەرانی ئەوان و بەڵێنی وەهمی و بەهەشتی خەیاڵی و چێژی سەرکەوتنی درۆ.
کەسی هەڵبژێردراو، نابێ خیانەت لەئەمانەت بکات و پەیمان بشکێنێت و ڕێکەوتن و بەیعەو موبایەعە پێشێل بکات لەژێرەوە بۆ مشتێک بەرژەوەندی و دۆلارو ئیمتیازو خزم و قیلەی خۆی، قەولی خوای گەورەیەو خێرلەوەدایە بەکرێیان بگرن و ئەمین و بەهێزبن .إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ. ئێوە دەزانن ئەوانە تاقیکراوەی پێشوون و موعجیزەیەکیان نەخوڵقاندوە.

هەندێک قائیمەی مەغرورو تێر، نمایشی زۆریان کرد،ڕەنگی خۆیان باش باش گۆڕی، خۆیان هیچ ئەحکام و فەتواو پڕەنسیپێکی ئیسلامی و دینیان لاگرنگ نیە بۆ میللەت و نیشتیمان و خاک، کەچی کەوتوونەتە نێو فەزای تەشریع و ئەحکام و فەتوادان و سوێندخواردن و ئایەتحاڵ بۆ گەوجاندن، قورئان و سوێندو میحراب و نوێژو حەج و تەواوی شەعیرەکانیان کردۆتە چەکی دەستیان بەس بۆ ماشینەوەی دەنگی تۆی موسوڵمان.

باس لە شایەتیدان دەکەن بۆ خۆیان و خزم و دۆست و پاڵێوراوەکانیان. زۆرینەی ئەو گروپانە بەناوی ئاینەوە پەڕلەمانیان کردۆتە (بيعة الرضوان) و پەیمانی ژێر درەختەکەی حودەیبیە لەساڵی شەشەمی کۆچیدا. لَا يَدْخُلُ النَّارَ أَحَدٌ مِمَّنْ بَايَعَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ. پێمان دەڵێن وەکیلی خواین و بە دەنگدان ڕزگار دەبینن لە ئاگری دۆزەخ و پاک دەبینەوەو دژی ئیسلامیە ڕەسەنەکان وەستاون و دوێنێ گاڵتەیان دەکرد بەنەهجی میانڕەوی و خەباتی ناتوندوتیژیی و ئەمڕۆ خۆیان کردۆتە وەکیلی خوداو سبەی تاک کورسیەکەیان دەخەنە خزمەتی وەلی ئەمرەکان و دەستبەرزدەکەنەوە بۆ شەرعیەت و پڕۆژەیاساکانیان وەک چۆن لەڕابردوو کردیان و بینیمان.

وەک ئیسلامیەکان بانگەوازی ئیسڵاح و جیهاد دەکەن دژی ستەمکاریی و نادادی و هەمان لۆژیک و نەهج و گوتاری ئاینی بەکاردێنن، کەچی خۆیان گوێڕایەڵی ئەمیرو پێشەواکانی ئیسلام نین و لە عصيان و مەعصیەت و لادان و سەرگەردانیدان، لەوکاتەدا ئاخر دەنگدان چۆن شایەتیدانەو بەچ پێوەرێک، لا طَاعةَ لِمخلوقٍ في معصيةِ الخَالِق.

بۆچی ئەم ئوممەتە وای لێهات نەزانێ گوێ بۆ کێ بگرێ و کێ پێشەواو ئەمیرەکەیەتی تا شوێنکەوتەی بێ و کێش دەرچووە لەگوێڕایەڵی بۆ پۆست و ئیمتیازو پارەو ماڵی دونیا وەک نەیارەکانی حەزرەتی عوسمانی کوڕی عەفان کە چیان بەسەر هێناو چۆن فیتنەیەکیان خوڵقاند، ئەو تاقمە بەجاهیلی دەمرن چونکە هەم دەرچوون لەئیتاعەو هەم لەجەماعە، مَن خَرَجَ مِنَ الطَّاعَةِ، وفارَقَ الجَماعَةَ، ثُمَّ ماتَ مِيتَةً جاهِلِيَّةً.

480 جار خوێندراوەتەوە