بەڕێوەبردنی دیداری ئینستیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بۆ توێژینەوە - مێری، ئەمساڵ جگە لە دیوە مەعریفی سیاسی میدیاییەکەی خراپترین دیداری
ساڵ بوو، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پرسیارو هەڵبژاردنی بابەت و بەپاڵەوانکردنی هەندێک
کاراکتەر لەپێناو خستنی هەندێکیترو دواتر لاوازی جەوهەری پرسیارکردن و ئەدای
کاراکتەرە سیاسییەکان.
ڕەنگە تۆ مامۆستایەکی ئەکادیمی باش بیت بۆ خوێندکارەکانت،
بەڵام ناکرێت وابزانیت پانێڵیست و میدیاکارێکی وردو زانستی باش بیت بەرامبەر سیاسییەکان،
ماوەیەکە هەندێک پڕۆفیسۆرو ئەکادیمیستی کوردی زۆر نەشارەزایانە پانێڵەکان بەڕێوە دەبەن
و خەریکە ئەو بوارە دەشێوێنن بەپرسیارو ئارگیومێنتی جیاوازو دوور لە ڕێساو یاسا میدیایی
و ڕۆژنامەوانییەکان، لەبری ئەوەی سیاسییەکان بهێننە قسە خۆیان قسەی زۆرتردەکەن، لەبری
ئەوەی پرسیاری ئازارەکانی خەڵک بکەن پرسیاری دڵی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی
خۆیان دەکەن، لەبری پرسیاری ئازایانە پرسیاری ئوتوکراوی ئامادەکراوی ڕەنگکراوی
دوبارە دەکەن لە میوانەکان، ئەوەش بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی ئیمتیازەکانیان.
لەدیداری مێری، ئاستی فیکری و ئەبستمۆلۆژی و ڕەهەندو
قوڵایی پرسیارکردن لەمیوانەکان یان زۆر سادەو ساکاربوون، یان پڕبوون لە پێکەنین و
موجامەلاتی میدیایی لە دەرەوەی جەوهەری پرسە گەرمە سیاسییەکان و ئازارەکانی خەڵک.
تۆی پانێڵیست ڕاستە پڕۆفیسۆر یان وەرگێڕو توێژەرێکی
باشیت، بەڵام مەرج نییە میدیاکارێکی باش و پرسیارکەرێکی دانا بیت، هەر ئەوەیە تۆ
مامۆستایەکی زانکۆیت و قەدەری ناعەدالەتی و نایەکسانی و میزاجی حیزبی و ئایدۆلۆژی
تۆی خستۆتە سەر ئەو ستەیجە سیاسییە وەک هەموو کایەکانیتر.
ناکرێت سەکۆی بەڕێوەبردنی پانێڵ و دیدارەکان
ئاوا قۆرخ بکرێ بۆ گروپێکی نەشارەزا، تکایە ئەو سەکۆیە جێبهێڵن بۆ پسپۆڕانی ڕاگەیاندن
و میدیاکاران و ئەو ستەیجانەش پەرپووت و سووک مەکەن بە پرسیارو ئارگیومێنتی لاوازو
زاراوەی بیانی و جوملەو ئیدیۆمی دوور لەواقیع و جوڵەی دەستەکانتان.
226 جار خوێندراوەتەوە