باشترە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان خۆی هەڵوەشێنێتەوە

ئەسڵی بابەت ئەوەیە، خەباتی رێکخراوەیی و سەندیکایی ئیدیی بەرەو داخزان و شکستی حەتمیی دەڕوات و ئەوەی هەیە گاڵتەکردنە بە شعوری خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنیی و تەنها ڕۆتینیات و بەهەدەردانی پارەو وزەیەکی زیادەیەو پڕکردنەوەی شوێن و دەلالەتێکی زمانیی و میدیاییە.

بەڕاست کورد سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی بۆچییە، قابڵۆخێکی بۆش و بەسەرچوو، فۆرمێکی بێگیان، بێ ڕۆڵ و چالاکیی راستینە، ئەو سەندیکایەی بۆ هیچ بێحورمەتییەک نەهاتۆتە قسە، شوراو درعێک نییەو نەبووە بۆ مافی لەدەستچووی ڕۆژنامەنووسان و هاتنەدەنگی بۆ برین و قەیرانەکان، ئەو سەندیکایەی میساقێکی نوسراوی شەرەفی نییە لەسەر پرەنسیپە ئەخلاقیەکان و ئازادی و بەدەستهێنانی زانیاریی و ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی نیشتیمانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژنامەنوسان و هەرخەریکی گەشت و گەڕان و دیدارو کەمپەین و دەرکردنی بەیاننامەن بۆ چالاکییە حیزبیی و کەسییەکانیان.

سەندیکایەکی ماوەبەسەرچوو، بێ شەرعییەت، دوانزەساڵە نەیتوانیوە کۆنگرەیەکی هەمەڕەنگ و هاوسەنگ گرێ بدات بۆ ڕۆژنامەنووسان، دەبێ چاوەڕوانی چ هەڵوێستێکی نەتەوەیی و جڤاکی و هەنگاوی جددی لێ بکەین بۆ ئایندە، پێم سەیرە هێشتا نەقیب و ئەندامە باڵاکانی لەو دەزگایەدا بێخەم و ڕاحەت، خەریکی کارکردنن دوای ئەو هەمووساڵە لە جمود، یانی پێمان بڵێن هۆکاری نەبەستنی کۆنگرەو خۆنوێکردنەوەتان چییەو فاکتەرەکانی کامانەن، لە کێ بپرسینەوەو کێ بدەین بە دادگا، کاتێک خوێکە خۆی بۆگەنی کردوە؟

کەشتیەکە لە بەردەقارەمانەوە تا دێگەڵەو کەپکی حەمەدئاغا کون بووە، بێمتمانەیی زاڵە، ئەو میدیا کوردییە دێت باسی هۆکارو تۆمەتبارەکە دەکات و سەندیکاکەشمان بێ پەروا لێی دانیشتوەو خەریکی گەشت و پینەوپەڕۆیە لە وڵاتە عەرەبیەکان، دەی ئەوە دەرد ناخوات، یەک میدیای بەرپرس نییە بڵێ چۆن چارەی دۆخەکە بکەین تا لەدەست دەرنەچێ و بلاسخارت و مایکڵ رۆبن گاڵتە بە کورد نەکەن و قەوارەکەمان نەخەنە مەترسی و بەردەم شەڕی سایکۆلۆژیی؟

ناسیۆنالیزمی کوردیی و میدیاکەی بەو جەستە بیمارە کوشندەو شەکەتەوە، بەو دەنگە کزو پەرتەوە، بەو دیدو ڕوانگە تەسکەوە، بەو عەقڵە کاڵەوە بەو سەندیکا بەسەرچوەوە، چۆن توانستی ململانێی هەیە لەگەڵ گوتارو ناسیۆنالیزمێکی عەرەبیی ڕەگداکوتراوی هەزار ساڵەی کۆنزێرڤاتیفی دینیی و مەزهەبی و ئەدەبیاتێکی گەورەی یەکگرتوودا.

میدیای عەرەبیی و جیهانی و میدیای کەمەنەتەوەو بێ دەوڵەتەکان میدیایەکی یەک گوتارو چارەسازە بۆ یەک ئامانج، هی ئێمەش دەردەدار، فەرموو لەمەودوا چۆن پەیوەندی و نێوانی خۆت و ئیسرائیل و وڵاتانی دۆستی ئیسرائیل ڕادەگریت دوای دەرکردنی یاسای بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل لە هەموو ڕوویەکەوە.

#صوّت_أعضاء_مجلس_النواب_العراقي، اليوم الخميس، ٢٦/٥/٢٠٢٢ لصالح مقترح قانون لتجريم التطبيع مع إسرائيل.

157 جار خوێندراوەتەوە