کێشەی گەورەو قووڵ هەیە لە بەشداری
سیاسیانەی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە هەمیشە ئەم ئیلیتی و نوخبە سیاسییە
کوردییە، دوچاری شکستی حەتمی و دۆڕاندن و ئیشکالیەتی چەمکی نوێنەرایەتی لە بەغداد
دەبێتەوەو دیسان تێهەڵئەچێتەوە بەبێ ئەوەی هەڵوەستەیەک وەرگرێ.
تابلۆکە ئاوایە بۆ هەرجۆرە
هەڵبژاردنێک لە عێراقدا، کورد بەهەموو حیزب و ئایدیاو لیست و قەوارەو
ڕەنگەکانیەوە، بەشێک لە هەڵبژاردنەکەو کورسیەکان دەباتەوە، وەک کەمینەیەکی لاوازی
پەرت و لات و پووتی حیزبی و نەتەوەیی دەڕواتەوە بەغداد، لەپاڵ زۆرینەیەکی بەهێزی
مەزهەبی و بان نەتەوەیی سوێندی یاسایی پەڕلەمانی و سەروەریی و یەکپارچەیی بۆ
عێراقی فاشیست دەخوا. دواتر کۆمەڵە وەزیرو کۆمەڵە سەفیرێک بەسەرۆک کۆمارێکی
تەشریفاتیەوە دەباتەوەو نەشئەی سەرکەوتن ئەیگرێ و خۆی پێوە بائەیا بۆ دەستکەوت و
ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی لە هەولێرو سلێمانی، هەر دومەتر لەودیو
تەلاری ئەنجومەنی وەزیران و دوای مانگێک، پڕۆژە یاسای گەورە گەورە دەدۆڕێنێ
لەئەنجومەنی نوێنەران و پەیتا پەیتا شکست دەخوا بەدەست حەشدی شەعبی و فیرقەو
کەتیبەکانی عەسائیب و ڕەبعەڵاو حیزبوڵاو نوروڵاو زوڵفەقارو زۆرینە مەزهەبیەکەوە،
لەسەر یاساکانی بودجەو ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و پرسی مادە دەستوریەکان
و خاک و ئاو.
کورد بەو ڕۆحە لاوازەوە، بەو
تەفرەقەو پەرتەوازیی و بێ گوتارییەوە، بەو دۆخە ئابوریە سەختەوە، بەو لێکترازان و
نەسازانەی نێوماڵی کوردیەوە، کاتێک خۆی ئامادە ئەکات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق
لە ١١-١١-٢٠٢٥ و بەنیازە بچێتەوە نێو هاوکێشەو سەرئێشەکانی زۆرینەو کەمینەو دیدی
دوژمنکاریانەی مەزهەبگەراکان و وەلائیەکان و کێشمەکێشی نێو پەڕلەمان و قانونەکانی
موازەنەو دەستورو یاسافیدڕاڵیەکان، هیچ ئامادە سازیەکی فیکری و مەعریفی و سیاسی و
نەتەوەیی نیە دەی ئەوە چ بەشداریەکە؟
جا ئەگەر کورد بۆ هەمووجارەکانی
ڕابردوو بەشداری لە کردەی هەڵبژاردن و پرۆسە دیموکراسیەکان و حوکمڕانی بەغداد
کردبێ و تاڕادەیەک ڕەوایەتی لەبەردەستدا بووبێت، ئەوا بۆ ئەمجارە کەتەواوی
بودجەو موچەی خەڵکیان بڕی بەموتڵەقی و باس لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمیش دەکەن،
ئیدی هیچ ڕەوایەتیەکی نەماوەو هەڵەی نەتەوەییەو ڕێگایەکی دژواری هەڵبژاردوە، چونکە
دەرکەوت چەمکی نوێنەرایەتی و بەشداری سیاسیانەی کورد لە کابینەو دامەزراوەکانی
حکومەتی عێراق نوسینەوەی شکستی دوبارەیەو بگرە ئاو بێژانەوەیە.
ئاخر کوردو نوێنەرایەتیە
بەرژەوەندخوازو حیزبیەکانی بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانی دەستور زامن بکەن،
یاسا فیدڕاڵیەکان و ئیمتیازو پلە وەزیفیەکان و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری
کۆمەڵایەتی و فەزیلەتی تاکی کوردیی بپارێزن، نەیانتوانی ئابوریەکی بەهێزو پشتبەستووی
گرەنتیکراو، بەداهاتی نەوتی و نانەوتی دروست بکەن، نەیانتوانی بنەماکانی
فیدڕاڵیەتی هەرێمەکان بچەسپێنێنن و ئێستا کورد لەئۆتۆنۆمی کەمتری هەیە خەریکە
دەیبەنەوە دۆخی ڕاوشکاری و خێڵ و دەرەبەگ، بێگومان لەمەودواش ناتوانن مافەکان
بیپارێزن چونکە مێنتاڵێتی و عەقڵیەتی ویلایەتی فەقیەو دیدگاکانی حوکمڕانی و زۆرینە
پەڕلەمانیەکە هەر بەرکارەو هێزی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی هێشتا وەک خۆیەتی.
شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی
کۆمەڵایەتی و شەراکەت و سازان بێت، ماسکەکان کەوتن بەتەواویی، ئەو بەڵێن و هیواو
نیەتباشیانەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە وەک دوا ئیئتیلافی گەورەی قەوارە
پەڕلەمانیەکان دەستنیشانیانکرد بۆ نەخشە ڕێگای حکومەتەکەی محمد شیاع سودانی و
دەستبەکاربوونی لە ٢٥-٩-٢٠٢٢ تا ئێستا، دەرکەوت وەهم و سیناریۆو خەڵەتاندنی
تاکی کوردو عێراقی بوو، تەنها سەفەقات و تەوافوقاتی فرۆشتنی نەوت و پاڵاوگە
نایاساییەکان و دەروازەکان و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی هەژموونی
سەربازو دەسەڵات و لاوازکردنی ستاتۆی هەرێم و ئابڵوقەدانی بوو، بەو دۆخەوە کورد
بۆچی دەبێ جارێکی تر بخەڵەتێ و ڕێگای هەڵبژاردن بگرێتەبەر لەکاتێکدا ئاوا سوکایەتی
بەدامودەزگا دەستوریی و نیشتیمانیەکانی دەکرێ و دوومانگە گیرفانی مووچەخۆران و
فەرمانبەرانی خاڵیەو برسێتی لەبەردەرگای هەموو ماڵێکدایە.
کورد کەمینەیەکی شەرمن و بێ
پشتیوانە، هەرێمێکی لاوازو هەڕەشەلێکراوی چەقۆ لەگەردنە، ئینجا ئەو کەمینە
پەرتەوازە حیزبی و سەرلێشێواوە کە سبەی داوای دەنگدان لە خەڵکی ڕەشۆک و برسی و
نەدار دەکەن، تا ئەوان بە مووچەو ئیمتیازی بەرزەوە وەک نوێنەری کوردو مەندووبی
یاساناس لە بەغداد بەقات و ڕیباتەوە خۆیان نمایش بکەن گوایە هەڵبژێردراوی ئەم
میللەتە هەژارو برسیەن بابزانن؛
- بەشێکیان ڕاوە دۆلارو بزنسی شەخسی
ئەکەن.
- بەشێکیان فرۆشراون لە سەرەتاوە،
کەیف و سەفای خۆیان دەکەن وەک بریکارو پڕۆکسی دەوڵەتان، ئەهلی بازاڕی کۆیلەفرۆشانن
نەک هۆڵی یاسادانان.
- بەشێکی تریان بێپڕۆژەو بێ ڕوئیان و
ئیرادەیان تێک شکاوەو ئەسڵەن گاڵتەیان بەچەمکی نەتەوەو نیشتیمان دێ.
- بەشە هەرە خراپەکەی ئەو مەندووب و
کەمینەیە، یان شیروتیر لەیەک دەسون یان نوزەیەکیان لێ دێ بۆ بەرگری لەم هەرێمەو
نیسابی یاسایی دروست ناکەن و هیچ پڕۆژە یاسایەکیان پێ دەرناکرێت، دەستوریان پێ
حیمایە ناکرێت، موچەیان پێ نادرێ، شەڕی بودجەو قوتی خەڵکیان پێ ناکرێ، دەی بەچ
میکانیزم و ڕووقایمیەکەوە دەچنە نێو پرۆسەیەکی مینڕێژکراوی مەترسیدار بەناوی
هەڵبژاردنی ئایندەو سەرۆک لیست و کاندید پێشکەش دەکەن؟ بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی
نوێنەران و دیموکراسی درۆینەی عێراق بۆ کورد مەترسیەو ئەوجارەش دۆڕاو دێتە دەرەوەی
پرۆسەکە بە باجی زیاترەوە.
54 جار خوێندراوەتەوە