سزاکانی ئەمریکا بۆ ئێران، مارکێتینگی نەوت !؟


دەوڵەتی کۆنزەرڤاتیڤی ئێران، بەدڵی ترامپ نییە، بۆیە ناچاری دەکەن میتۆدەکەی بگۆڕێت نەک بیڕوخێنن، ئەم دەوڵەتە خاوەن کەلتوری شۆڕش و ئینقیلاب و وڵاتی ئاخوندەکان و مێژوویەکی گەورەیەو ئاسان نییە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، دەسەڵاتدارانی پێشووی ئەمریکا بەتایبەتی ئۆباماو باڵی دیموکراتەکان ئەمەیان باش دەزانی، چونکە ئێران رەقەمێکی قورسە، کۆپیکراوی ھیچ دەوڵەتێک نییە، بە پشت بەستن بە تیۆری سیاسی باوی ئەمریکاو فەلسەفەی بەرژەوەندخوازانەی رۆژئاوا خۆی بنیاد نەناوەو ئیرادە سیاسیەکەی مانیفێست نەکردوە، خۆی جەمسەرە لەگەڵ چین و روسیاو ھەندێ وڵاتی ئەوروپایی و ناوچەیی، بۆیە بە ئاسانی بە چەند بومەلەرزەیەکی لاواز ناکەوێت.

 ڕەنگە خودی ئەمریکاش مەبەستی لەم دۆخی ئابڵوقەو تەنگەتاوە ئابورییە خستن و ڕوخاندن نەبێت، چونکە لەبنەڕەتدا ئابڵوقەی نان و بیزنس ھەنگاوێکی کلاسیکییە بۆ ئێران و رۆژھەڵاتی ناوین و تاقیکراوەتەوە پێشتر، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەمریکا ختوکەی ڕەوتە نوێخوازەکەی تاران و کیژانی نیوپێک و نەوەی کاوبۆی جینزی لامەبەست بێت بەرەو دەستکاری ھەندێ فۆرم و دەستەواژەی حوکمرانی و میتۆدی توندی دانوستانگەرە ئێرانیەکان، ئەمەش بە ئامانجی کۆنترۆڵی زیاتری پەرەپێدانە ناوکی و موشەکیەکان، بەڵام ئایا ئێران دوای ئەم تسۆنامییە بەرەو چ فۆڕمێک لە حوکمڕانی دەڕوات و ئەم سزا ماڵیانەی ئەمریکا کوێی تاران ئازار دەدات، بەومانایە ملکەچی دەکەن؟ ئەمە لەکاتێکدایە باڵی کۆنزەرڤاتیڤی ئێران ھێشتا خاوەن ڕوانگەیەکی سوننەتی و دژە دیموکراسی و ئازادی سیاسییە بەرەو جیاکاریی شۆستەکانی تاران و بەھێزکردنی پۆلیسی ئەخلاق و گرتنەبەری چەندین رێگاچارەو خەندەق بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەی دۆخەکەو زۆر دژی ئەمریکا لەسەنگەردان، ھەردوێنێ بوو ئێران گەورەترین مانۆڕی موشەکی و سەربازی ئەنجامداو ڕۆحانیش بە دوو خاڵ رەدی کردەوە ئێران لاوازبێت و بچێتە ژێرباری ھەژموونی ئەمریکاوەو ملکەچییەوە، ئینجا ئەوەی ناوی لێنراوە بزوتنەوەی ئیسڵاح تەڵەب لە ئێستادا کاڵ بۆتەوەو لەم دۆخەشدا لەژێر پەچەو ھەژموونی ڕوانینە ئاسنینەکانی ئایەتوڵاکان و سیستمی فەقیھدا بەتەواوی دەچنە پەراوێزەوە کە ئەمە بۆ سیاسەتی ناوخۆیی ئێران بردنەوەیەکی گرنگە!

بەدیوی ئەمریکاو عێراقدا
ئەمریکا ئەوەندە گوتارو دیسکۆرسێکی ناڕۆشنی ھەیە بۆ ئەم ناوچەیەو تەنانەت کوردو عێراق و تورکیاش، خەریکە ئێرانمان خۆش بوێت،رەنگە گوتاری ئەمریکی لە ئێستادا ئەسڵەن بۆ ئەوەبێت ئێران خۆشەویست بکات لەم ناوچەیەو بەھێزتری بکات وەک رەقیبی سعودیەو دوری بخاتەوە لە کامپی روسیا چین، ئەمەش بە چەکی برسیکردن و ئابڵوقەی ئابوریی لاواز سۆفت پاوەر، ئاخر سەددام و رژێمەکەی لە ساڵی ٩١ بۆ ٢٠٠٣، بەو ئابڵوقە کلاسیکییەوە بەرگەیان گرت و نەڕوخا ئێستا ئێران بۆ دەڕوخێت شیری گاوداری و مانگاکانی بەشی ھەموو جیھان دەکات، سێوو پرتەقاڵ و کیشاوەرزیەکەی سێ ئێران بەخێودەکات، ئەمریکا مەبەستی سەرەکی لەم پرۆسەی ئابڵوقەیە، یەکەم دەستخستنی نەوتی زیاترە بۆ عەمبارەکانی خۆی و بێھێزکردنی بازاری نەوت لە رۆژھەڵاتی ناوین و دوەمیش گۆڕینی میتۆدی حوکمرانی ئێران عێراق، تۆزێکیش لاوازکردنی، ئێرانێکی ھەشتا ملیۆنی و خاوەن یەدەگی نەوت و کڵاوەی ناوکی و خستنی بەو ئاسانییە بۆ ئەمریکا ناچێتەسەرو پارویەکی سووک نییە، تاران نە بەغدایەو نە قاھیرەو دیمەشق، بەڵکو تارانە، لاشەرقیەو لاغەربییە، ئینجا ھێشتا کاریتە بەھێزەکەی ناوخۆی ئێران لەق نەبوە و ئۆپۆزسیۆنێکی لاوازی ھەیەو ئەمریکاش نایەوێ ئەو ناوخۆیە لەقتر بێت، ئەوەی پەیوەندی بە عێراقیشەوە ھەیە، ئەوەیە عێراق ھێشتا لەدەست ئێران خۆیدایەو ئەم سیاسەتەش سیاسەتێکە بە قوڵایی عێراقدا دەروات بۆ سوریاو یەمەن و تادەگاتە کەناراوەکانی لوبنان، کوردستانیش لەناو ھەمان بازنەدایە و ئێران برسی بێت عێراق و کوردستانیش برسین کەواتە دەستکاریەکەی ئەمریکا لێرەدایەو بۆیە کێشەی لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی و سەرۆک کۆمارەکەی نەبوو لەم سەرەتایەوە، کوردیشی کردەوە بە شەریکی بەغدادو پێکھێنەری گرنگ تیایدا.

وەلێ کێشەی عادل عەبدولمەھدی دواتر سەرھەڵئەدات، ئێستا لەیەک کاتدا کێشەکە رەنگە ئەوە بێت چۆن ئێران لەو قەیرانە ڕزگار بکات و دڵی ئەمریکاش خۆش بکات، چونکە لەبنەڕەتدا ئەم سەرۆک وەزیرە بە موبارەکەو لێوجوڵاندنی مەڕجەعی باڵای عێراق سەیید عەلی سستانی ھێنراوەتە سەر ستەیجی شانۆکە ھەمیشە عێراق خەریکی دەرەوەی خۆی بووە زیاتر لەخۆی، چونکە نازانرێت عێراق کێ بەرێوەی دەبات لە پشتەوە، ئەوەش نھێنی ئەوەیە بۆچی عێراق پێشناکەوێت، بۆ کوردستانیش ترسەکە گەورە نییە چونکە ئەمریکا جددی نییە لە کەوتنی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەی ئەم کۆمارەش دەخات شکستی تمەن و برسیکردن نییە بەڵکو سەرەتا قاچگرتن و پەڕوباڵکردنییەتی لە یەمەن و لوبنان و سوریاو نەجەف و کەرکوک و بەغداد، ئینجا رۆشنکردنەوەی ئاسمانی ئەم وڵاتە لە نیوەی شەودا، ئەمەش ئاسان نییە!؟

239 جار خوێندراوەتەوە