جەژنی وەرچەرخان

جەژنی وەرچەرخان

ئەمرۆ، لە ڕۆژمێری مێژویی، ئاینی، نەتەوەیی و سیاسی ئێمەدا، سێ بۆنەی پڕ بایەخ ئاوێزانی یەکتر بون؛ جەژنی ڕەمەزان، دوای مانگێک لە خۆگرتنەوە، ڕۆژوو، پەرستش و هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەیی. نەورۆز، وەک سەری ساڵی کوردی و جەژن و ناسنامەی نەتەوەیی. یادی ئازادکردنی کەرکوک، وەک دواوێستگەی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و، جەژنی ئازادی و یەکگرتویی گەل و هێزە سیاسیەکان.

هاوکاتی ئاوێتەبونی ئەم بۆنە گرنگانە، کوردستان لە ناو جەرگەی گۆڕانکارییەکانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگیری جەنگ و ئاڵۆزییەکی یەکلاکەرەوەیە، ئەگەرەکانی داڕشتنەوە و دابەشکردنەوەی هێز و دەسەڵات، شەڕ و ململانێی هەرێمایەتی، کێبڕکێی دەستبەسەرداگرتنی شاڕێگەکانی وزە و داهات، گۆڕانی هاوسەنگی هێز و دیفاکتۆی نوێی سیاسیی، دیمەنی ئێستای شانۆی سیاسین.

 لەم هەلومەرجەدا، دۆزی کورد لە بەردەم دوانەی ئاڵنگاری و دەرفەتە:

# ئاڵنگارییەکان: دەوڵەتانی سەردەست و پایتەختەکانی ناوەند (بەغدا و دیمەشق) لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەمارۆدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی پێگەی دیفاکتۆی ڕۆژئاوای کوردستان. ناکۆکی ناوخۆیی و خاڵی لاوازی بەڕێوەبردن، دامەزراوەکان ناکارا و پارت و کارەکتەرەکانیان خاوەن دەسەڵاتی ڕەها، ئەگەرەکانی تێوەگلان لە شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی ئاسایشی کراوەن، جۆرێک لە دابەشبون بەسەر جەمسەرەکانی ململانێ هەیە، لاوازی ژێرخانی ئابوری و سەرچاوەکانی داهات، لەگەڵ ناڕونیەکانی داهاتو و چارەنوسی ناوچەکە. 

# دەرفەتەکان: هاوتەریب لە ناو تەپۆتۆزی ئاڵۆزی و هێرشەکان، "کورد" وەک کارەکتەری نادەوڵەتی و خاوەن دۆزی ڕەوا؛ بەشێک لەسەرەداوی هێز و مۆدیلێک لە دەسەڵاتی هەیە. بۆشاییە ئەمنییەکان، داهاتوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی جیهان بە وزە و سەقامگیری، گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی؛ دەرفەتی نوێی هێناوەتە پێشەوە. لەسەر ئاستی گشتی ستراتیجێکی نیشیمانی یەکگرتو، لەسەر ئاستی «هەرێم» و «ڕۆژئاوا» پێویستی نەخشەڕێگای نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەند. یەکگرتویی و دیموکراسی و حوکمڕانی دروست لەناوخۆدا، سیاسەتی ڕێزگرتن لە وڵاتانی دراوسێ و هێشتنەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ ئەو فرسەتانەن پێگەی کورد لە نەخشەی داهاتو مەحکەم دەکەن.

لێرەوە، جەژن و دەستکەوتەکان، بەرپرسیارێتی مێژویی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان، دەخەنە ئەستۆی جوڵانەوەی سیاسیی لە هەرێم، ڕۆژئاوا، باکور، ڕۆژهەڵات و ڕەوەندی کوردی، ئیتر ناکرێت تەنها بە هەست و سۆز بڕیار بدەین، فەلسەفەی پشت ئەم جەژنانە ڕونن: 

# خودا و ئاینی پیرۆزی ئیسلام داوای دادپەروەریمان لێ دەکەن.
# نەورۆز داوای ئازادی و نوێبونەوە.
# کەرکوک داوای یەکگرتویی و پاراستنی خاک.

ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد، بەرژەوەندییە باڵاکان نەخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسی و، لە ئاست ئەم ساتەوەختە مێژوییەدا نەبێت؛ ئەوا لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکە جێ دەمێنین و لە سەدەیەکی پڕ دەرفەتدا گیر دەخۆین! بەپێچەوانەوە، دەکرێ ئەم قۆناغە، وێستگەی وەرچەرخان و بەدیهێنانی خواستە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بێت.

لە کۆتایدا، بۆئەوەی پیرۆزباییەکانمان لە جوغزێکی تەقلیدی و دوبارەدا بگۆڕین بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسی، پیرۆزبایی ڕاستەقینە بۆ هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر، بریتیە لە گۆڕینی ئەم یادە بۆ کارنامەیەکی سیاسیی تۆکمە، کە تێیدا دادپەروەری، ئازادی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی ببنە بنەمای حوکمڕانی دروست و لێوەشاوە، چونکە تەنها بەم ئاڕاستەیە دەتوانین جەژنەکانمان بکەینە وێستگەیەکی بەردەوام بۆ گەشبینی و سەرکەوتن.

17 جار خوێندراوەتەوە